دلێر محەمەد نوری: گۆیژه و مەلەوانە درۆزنەکە وتیپی کۆڕاڵی زانکۆی سلێمانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕووخاندنی گۆیژە
مەسەلەی تەختکردن و ڕووخاندنی بەشێکی زنجیرە چیای گۆیژەی سلێمانی، بووە بە سەردێڕی هەواڵ و ڕاپۆڕت و بابەتی کەمپین و ناڕەزایی.
پڕۆسەی تەختکردنی بەشێکی گۆیژە و پڕۆژەی خزمەتگوزای و جوانکردنی بەڵێندراو، گەڵێک ناڕۆشن و تەمومژاوی و بێ متمانەیە. هەر بۆیە مرۆڤ لە دوورەوە ناتوانێ هەڵوێستێکی جێگیر لە ئاستیدا بکات. بەرەی دەسەڵات و کادیرانی حزبی دەسەڵاتدار و هەندێکی دیکەش، بە شانازی و چاوەڕوانییەکی ئەرێنییەوە، ئەڕواننە ئەم پڕۆژەیە. بەرەی بەرهەڵستکار و کەمپین و ناڕەزاییش، گەلێ بیانوو و بەڵگەی ژینگەیی و کولتوری، دەهێننەوە بۆ خراپی دەست بردن بۆ گۆیژە و ژینگەی شارەکە. بەرەی دەسەڵات بە بیانووی خزمەت کردن دەست بۆ ڕووخاندنی گۆیژە دەبات و بەرەی بەرهەڵستکاریش دەیگەڕێنێتەوە بۆ چاوچنۆکی دەسەڵات و تەماع کردنە شاخ و چیاکانیش، وەکو پڕۆسەیەکی گەندەڵکاری، نەک خزمەت گوزاری. هەر بۆیە مرۆڤ ناتوانێ بە ڕوونی هەڵوێستێکی شیاو وەربگرێ، بەڵام دەسەڵات لە وێنەی مەلەوانە درۆزنەکە:
هەمووان چیرۆکی مەلەوانە درۆزنەکەتان بیستووە. کورتەی چیرۆکەکەش ئەوەیە کە کەسێک قۆشمە بە هاوڕێکانی ئەکات، لە کاتی مەلەکردندا. جارێک و دووجار و سێ و… هتد، خۆی دەخاتە دۆخی خنکاندنەوە و هاوار بۆ هاوڕێکانی دەبات تا بە هانایەوە بێن، کاتێکیش لێی نزیک ئەبنەوە، دەست دەکات بە مەلەکردن و قاقا لێدان. بەڵام جارێک لە جارەکان، بەڕاستی دەکەوێتە دۆخی خنکاندنەوە و ئیتر بێ باوەڕی وا لە هاوڕێکانی دەکات نەچن بە هانایەوە و دەخنکێت.
بە مێژووی دەسەڵاتی کوردیدا شۆڕببیەوە، هەزار بەڵێن و پڕۆژە و پڕۆسە و بڕیار دەبینی، کە سەرەتا بە گەشبینییەکی زۆرەوە هاوڵاتیان بە پیرییەوە چوون و هیوایان پێوە هەڵواسیوە. بەڵام لە کۆتاییدا، یان بوون بە بڵقی سەر ئاو یاخود بوون بە ژمارەیەک لە ژمارەکانی لیستی گەندەڵی. ئەم دەسەڵاتە هێندە بێ متمانەیە، تازە خۆر و مانگیش بۆ هاوڵاتیان بهێنێتە خوارەوە، باوەڕی پێ ناکەن.

تیپی کۆڕاڵی زانکۆی سلێمانی
تیپی کۆڕاڵی زانکۆی سلێمانی (1992- 2001) تیپێکی هونەری شانۆیی کۆمێدی ڕەخنەگرانە بوو. لە سەر دەستی کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆی سلێمانی و بە سەرپەرشتی (هونەرمەند دیاری قەرەداغی و فریا مەحمود شەوقی و هێرش عەبدوڵرەحمانی کلارنێت ژەن) دامەزرا. ڕۆژانێک کە ڕەخنە لە دایک نەبووبوو لە کوردستاندا، ئەم کۆمەڵە گەنجەی زانکۆی سلێمانی قسەی جدییان هەبوو، بۆ هەموو ڕووداو و مەسەلەیەک. ساڵانە چەندین نمایشی شانۆیی و هونەرییان ئەنجام دەدا. بەندە یەکێک بووم لە ئەندامانی ئەو تیپە، کە هەم بە نمایش و هەم بە نووسینی دەقی شانۆیی و هۆنراوەی کۆمێدیش، بەشداریم دەکرد. لە یەکێ لەو هۆنراوانەی کە لە ژێر ناوی “خەونەکانی کورد و کۆڕاڵ” نووسیم و لە کۆتایی نەوەددەکاندا، لە سەر شانۆی هۆڵی هونەرمەندان، لە نمایشێکدا خوێندمەوە. ئەم هۆنراوەیە باسی خەونێکی کۆڕاڵم تیا کردبوو سەبارەت بە ساڵی 2025 کە لە چاوی پێشبینی منەوە، ئەبێت سلێمانی بگات بە چ ئاستێکی پێشکەوتن. لەو هۆنراوەیەدا باس لە کۆڵانەکانی قەرەجاوا ئەکەم کە بووە بە کاشی لەماع، بەشی سێیەمی فیلمی خولە پیزە لە سینەما سیروان نمایش ئەکرێ، پاسی ڕیم خراوەتە مۆزەخانە و پێشبڕکێی پەڕەشووتە لە گەڕەکی ئابڵاخ. ئەوەی سەیرە لەم هۆنراوەیەدا کە پێشبینی ڕووخاندنی شاخی گۆیژەم کردووە بۆ کاری نیشتەجێ و خزمەتگوزای، بە هۆی قەرەباڵخی شار و نەبوونی جێگەی دیکە بۆ نیشتەجێ بوون. وا 2025 چەند مانگێکی ماوە و پڕۆژەی ڕووخاندنی گۆیژەش چووە قۆناغی جێ بە جێ کردنەوە، بەڵام خۆزگە و هەزار خۆزگە ئەو خەونە ئەرخەوانییانەی نەوەددەکانی من و کۆڕاڵ ئەهاتنە دی و ئەگەر بۆ جارێکیشە بەڵێنێکی دەسەڵات ببێ بە مایەی خۆشگوزەرانی خەڵکی و نەوەکو ئەم پڕۆسەی ڕووخاندنەش هەر وەکو خنکانی مەلوانە درۆزنەکە خێری بۆ دەسەڵات و بڵقی سەر ئاوەکەی بۆ ئێمە بێت.

تێبینی/ لینکی ڤیدیۆی ئەو هۆنراوەیە:
https://youtu.be/BCl-ShYOPI4?si=QJpfU6Q4kJyHWIQ3

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت