محەمەد بەرزی: خــۆر..!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

منداڵە خۆشەویستەکان: ڕۆژێکی گەرمی هاوین ( هێشوو ) ی بچکۆلە ئاوی برد بۆ مریشکەکانی. تەماشایکرد مریشکە کونجە خۆی فشکردۆتەوە و لە گەرماندا جووجەڵەکانی خستۆتە ژێر باڵەکانییەوە. هێشوو بە مریشکە کونجەی وت: ( ئاوم بۆ هانیوویت ، ئاو ). مریشکەکە قرتەقرتێکی کرد و بە دەنگێکی زۆر نزم و بێتاقەتەوە ووتی: ( هێشوو گیان: ئەم خۆرە گەرمە ژیانی لیێ تاڵکردووین، لە تاو گەرما ئاراممان لیێ بڕاوە و نازانیین بۆ کویێ بچین ).. کاتێک هێشوو گویێ لەو قسانەی مریشکەکە بوو، زۆر لە خۆر پەست و بێزار بوو. بۆیە ڕویکردە خۆرەکە و وتی: ( دە بڕۆ لە کۆڵمان بەرەوە، تۆ بە تەواوی ژیانت لیێ تاڵکردووین، ئەوەتا لە تاو گەرمای تۆ، خۆم و مریشکە کونجە و جووجەڵە جوانەکانم خەریکیین بتەقین ).
کاتێک خۆرەکە گوێی لەو قسە ڕەقانەی هێشوو بوو، زۆر دڵتەنگ بوو. لە دڵی خۆیدا وتی: تۆ سەیرکە! چۆن ئەم هێشووە هیچ چاکەیەکی منی لەبەر چاو نییە. ئاخر نازانێت من ڕووناکییان بۆ دەنێرم و شەویان بۆ دەکەم بە ڕۆژ، ئاوی ڕووبارەکان دەکەم بە هەڵم تا بۆ زەوی ببێتە باران، دانەوێڵە و میوەیان بۆ پێدەگەیەنم، دار و درەخت و باخچەیان بۆ سەوز دەکەم . کارەبایان بۆ دروستدەکەم، جل و بەرگیان بۆ وشک دەکەمەوە و لە نەخۆشی دەیانپارێزم و تەمەنییان درێژ دەکەم . بە ڕاستی ئەم هێشووە نازانێت ئەگەر من نەبم هەموو لە سەرماندا ڕەق دەبنەوە و لە برساندا دەمرن.
کاتێک خۆرەکە لە بیرکردنەوە بۆوە لە داخدا خۆی شاردەوە. هەر کە خۆی شاردەوە یەکسەر دنیا تارێک بوو، سارد و سەرمایەکی زۆر هات. ئەو ئاوەی هێشوو هانیبووی بۆ مریشکەکان یەکسەر بوو بە سەهؤڵ و مریشکە کونجە نەیتوانی بیخواتەوە. درەختەکان لە سەرماندا باوەشییانکرد بە یەکدا و گەڵاکانییان سیس و ژاکان. هێشووش ئەوەندە سەرمای بوو، لە تاواندا هەموو گیانی دەلەرزی و چۆقەی دانی دەهات و بە مریشکە کونجەی وت: ( تکایە لە ژێر باڵەکانتدا جێگام بکەرەوە ، چونکە لە سەرماندا خەریکە زیڕەبکەم!! ).
مریشکە کونجە وتی: ( باڵەکانم هەر جێگای جووجەڵەکانمی تێدا دەبێتەوە، ئەوەتا منیش وەک تۆ وەختە هەموو گیانم لە سەرماندا ڕەق ببێتەوە) ..
پاش تۆزێک منداڵانی گەڕەک لە ترسی تاریکی و لەتاو سەرما وازیان لە یاریکردن هێنا و ڕایانکرد بۆ لای هێشوو و مریشکە کونجەو و جووجەڵەکانی. هەموو لە سەرماندا دەلەرزین، ئنجا وتییان: ( ئەوە بۆ چی لە پڕ خۆر خۆی شاردەوە لێمان ؟ ). لەم کاتەدا مووچرکیکی سارد بە لەشی مریشکەکەدا هات، ئنجا بە لەرزە لەرزەوە وتی: ( ئەوە لە ڕقی قسە ڕەقەکانی ئەم هێشووە بوو خۆی شاردەوە ). ئنجا مریشکە کونجە و هەموو منداڵەکان بە هێشوویان وت: ( ئاخر تۆ بۆچی خۆرت زویرکرد؟. دەی تکایە خێرا پەشیمان بەرەوە و داوای لێبوردن لە خۆر بکە، ئەگەرنا هەموو لە سەرماندا دەمرین و نان و ئاومان نامێنیت و دنیاش هەر شەوە زەنگ دەبێت، تکایە تا زووە داوای لێبوردنی لێ بکە ).
هێشووش گورج بە قسەی مریشکە کونجە و هاوڕیێکانی کرد و خێرا پەشیمان بۆوە و داوای لێبوردنی لە خۆر کرد. خۆریش کە زانی هێشوو بە ڕاستی پەشیمان بۆتەوە، جارێکی تر خۆی دەرخستەوە و دنیای ڕووناک کردەوە. مریشکە کونجە و هێشوو و هاوڕێکانییان بە هاتنەوەی خۆرەکە زۆر شاد و کامەران و دڵخۆشبوون و بڕیاریاندا هەمیشە خۆریان خۆشبوێت. ئنجا هەموویان بە دەنگێکی زۆر خۆش و چەپڵەوە گۆرانی ( ئۆخەی ) یان بۆ خۆرەکە وتەوە:

ئۆخەی

ئۆخەی هەموو پێکەوە
زوو خۆرمان ئاشتکردەوە

دەرکەوتەوە لە ئاسمان
کەوتینە چەپڵە ڕێزان

هەتاو شاری داپۆشی
دڵمان پڕبوو لە خۆشی

بەفر و سەهۆڵ و سەرما
نەمان بە تیشکی گەرما

گەڵا و گوڵ گەشایەوە
ڕووناکی گەڕایەوە

سوپاس بۆ تۆ خۆرەکە
دنیابێ تۆ تاریکە

تێبینی: ئەم چیرۆکە بۆ یەکەمجار لە ڕۆژنامەی هاوکاری ژمارە ( 946 ) ی ڕۆژی 4 /2 / 1988 دا بڵاوکراوەتەوە. بێگومان ئەوەی ئەو کاتە بیرم لێ نەکردبۆوە ئەدەبی منداڵان بووە، جا چونکە کچە پچکۆلەکەم لە خوێندنگا باسی سودەکانی خۆریان بۆ کردبوو. لەو کاتەدا ویستم باشتر سودەکانی خۆری بۆ ڕوون بکەمەوە، هەر بۆیە ئەو چیرۆکە و چیرۆکێکی ترم بۆ نووسی. دیارە ئەمەیانم بەلاوە خراپ نەبووە، هەر بۆیە ناردوومە بۆ ڕۆژنامەی هاوکاری و بڵاویانکردۆتەوە. لەم ڕۆژانەدا دەستکاریم کردۆتەوە و ئەو هۆنراوەیەم بۆ زیادکردووە و حەزمکرد سەرلەنوێ بڵاوی بکەمەوە تا سودێک بە منداڵان ببەخشێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت