ڕێبوار عابد محەمەد: بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چەند پێناسەیەكی جیاواز:
سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوەبكەین كە نەبوونی كۆ دەنگی لەسەر پێناسەیەك بەواتای ئەوەنیە، ئەوانی تر نازانن باسی چیدەكەین.كاتێك باس لە زاراوەی بیركردنەوەی ڕەخنەیی دەكەین، بەڵكو بەو واتایەیە كە چەندین پێناسەی كێبڕكار هەن لە كاتە جیاوازەكاندا داڕێژراون. زۆرن ئەوانەی كە هەوڵیان داوە پیناسەیەكی تێرو تەواوی بۆ داڕێژن لەوانە:
جۆن دیوی؛ بۆ بیركردنەوەی تێڕامان،كە لە ساڵی 1910 دامەزراندووە بریتییە لە: ڕەچاوكردنی بە پەرۆش و بەردەوام و وردی هەر باوەڕێك، یان فۆڕمێكی گریمانەیی زانین لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پاساوانەی كە بوونیان هەیە.
ئێدوارد لە ساڵی 1941 وەسفێكی فرە لایەنەی بیركردنەوەی ڕەخنەیی بەم شێوە خستۆتە ڕوو:
1- مەیلی بیركردنەوەیەكی قووڵ لە كێشەو بابەتەكان كە دەكەونە چوار چێوەی ئەزموونەكانی مرۆڤەوە.
2- زانینی شێوازەكانی لێكۆڵینەوەو تێڕامانی لۆژیكانە.
دامەزراوەی بیركردنەوەی ڕەخنەیی كە بنكەكەی لە ویلایەتی كالیفۆڕنیایە، بەوە پێناسەی دەكات كە بریتییە لە هۆشیاری لە هۆشیاری. واتە بیركردنەوە لە بیركردنەوەت و زاڵبوون بەسەر لایەنگری. بیرمەند دەربارەی هەر بابەتێك – ناوەرۆكێك، یان كێشەیەك كەتیایدا بیرمەند كوالێتی بیركردنەوەی خۆی باشتر دەكات، بەشیكردنەوەی لێهاتووانەی بایەتەكە،ناوەرۆكەكە، یان كێشەكە، پاشان هەڵسەنگاندنی ئەوەی كە بیری لێدەكاتەوەو سەر لەنوێ لە قاڵبدانی.
پیرسۆن دەڵێت؛ بریتییە لە پەیوەندی كاریگەرو چارەسەری كێشەكان و پابەند بوون بە زاڵبوون بەسەر خۆپەرستی زگماكی و بنەما كۆمەڵایەتییەكان.
ئاسانە بڵێین كە شتێك باشە، یان خراپە. یان سوودی هەیە، یان بێسوودە. بەڵام هەندێكجار ئاسان نییە بڵێین؛ بۆچی شتێكت بەباش، یان خراپ حوكم داوە؟ هەندێكجار پێویستت بە هۆكارێك، یان پێوەرێكە بۆ پشتگیریكردن لە حوكمدانەكەت. بیركردنەوەی ڕەخنەیی پێویستی بەوەیە كە دادپەروەرو ڕوون و واقیعی بیت لە بیركردنەوەكەتداو بڵێیت بۆچی بەو شێوەیە بیرت كردۆتەوە، دەبێت ئامادە بیت بۆ گوێگرتن لە هۆكارەكان گەر كەسێكی تر دیدگا، یان حوكمێكی جیاوازی هەبوو لە تۆ.
جابۆ ئەوەی ببیتە بیرمەندو ڕەخنەگرێكی باش، پێویستە چەند پرسیارێكی ڕیشەیی فێرببیت بۆ ئەوەی لەخۆت، یان كەسێكی تر بپرسیت سەبارەت بەو پرس و بڕیارانەی كە كەسانی دیكە دەیدەن. ڕاهێنانەكان یارمەتیمان دەدەن كە باشتر حوكم بدەین سەبارەت بەو زانیاریانەی كە وەریدەگرین لە ڕووی دادپەروەری و وردبینی و سوودو ڕاستیەكانیەوە. هەروەها لەڕوی دڵنیایی خۆتەوە سەبارەت بەو پرسیارانە فێردەبیت كە بۆ ئالنكاری و حوكمدانەكان بەكاریان دەهێنیت لە بۆچوونی ئەوانی تر.
1- جیاوازی لەنیوان ڕاستەقینەو ناڕاستەقینەو ڕوخساری سەیركردن: كاتێك رۆژنامەیەك دەخوێنیتەوە باوەڕت بەهەموو شتێكی تێدا هەیە؟ڕاست ؟ئەگەر نا ،چۆن جیاوازی لە نێوان ڕستەكاندا دەكەیت؟ڕاستی و ڕستەكان كە گوزارشت لە دیدگاكان دەكەن كاتێك زانیاریت پێدەگات، بەوردی بیری لێبكەرەوە ئایا ڕاستە؟ یان ناڕاستیە؟ یان تەنها ڕوانگەیەكە؟.
2- جیاوازی بكە لە نێوان دەرەنجامە تایبەتەكان و نا دیاریكراوەكان: زۆر كەس كاتێك شتەكان دەخوێننەوە، یان دەبینن ڕاستەوخۆ باز دەدەن بۆ ئەنجامەكان. دیزایینەكانی ڕیكلامەكان سوود لەوە وەردەگرن بە دروستكردنی مانشێت، یان دروشم كە خەڵكان بەرەو ئەنجامێكی هەڵە دەبەن.
3- تاقیكردنەوەی متمانەی پڕوپاگەندە كەرێك: كاتێك كەسێك لە ڕۆژنامەیەكدا پڕو پاگەندەی ئەوەدەكات كە ئاژەڵێكی هاوشێوەی داینەسۆری لە ڕووباری پشت كێڵگەكەی بینیوە،بیرمەندانی ڕەخنەگر پێویستە پرسیاری زۆریان هەبێت بۆ ئەوەی كەسی پڕوپاگەندەكەرەكە وەڵامیان بداتەوە تاوەكو حوكمی ڕاستەقینە لەسەر ڕووداوەكە بدەن. هەروەها پێویستە لەسەرت بەرلەوەی پرسیارەكان ئاڕاستە بكەیت، ئایا تۆ خۆت باوەڕت بەوە هەیە؟.
4- جیاكردنەوەی زانیاری پەیوەندیدارو ناپەیوەندیدار: شتێك بە پەیوەندیدار دادەنرێت ئەگەر گرنگ بێت لە یارمەتیدانی تۆ بۆ گەییشتن بە ئامانجێك، یان ئەنجامێك.
5- خوێندنەوەی ڕەخنەیی: بیرمەندی ڕەخنەگر ئەو كەسەیە بیرلە متمانە پێكراوی ئەو زانیاریانە بكاتەوە كە دەیخوێنێتەوە.
پەیوەندی فاكتەرەكان، لێدوانەكان، بەڵگەكان و نموونە بەردەستەكان، لایەنگری و نادادپەروەریی لە زانیاریەكانداو، بیرۆكەی بنەڕەتی پرسەكە و گریمانەكانی ئەو كارە و دەرەنجامەكانی، هەموو ئەوانە لەبیرت بێت لەكاتی خوێندنەوەی بابەتێك، یان لەكاتی گفتوگۆ لەگەڵ كەسانی تر لەسەر هەر بابەتێك، بەدەستەواژەی – نموونەیەكم پێبدە- ڕوو بە ڕووی كەسانی تر ببەوە. یان بەڵگەی تۆ بۆ ئەو دەستەواژەیە چییە؟.
6- بڕیاردان: بڕیاردان لە هەڵبژاردنی پێوەرە پەیوەندیدارەكانەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ هەڵبژاردنی گونجاو ترینیان، لە نێوان بژاردە بەردەستەكاندا.
یەكەم/ دەبێت ئەو بابەتە بێت كە تۆ بڕیارەكەی تێدا دەدەیت، لە مێشكتدا ڕوون بێت.
دووەم/ پێویستە بژاردەكان دیاری بكەیت و سوودو زیانەكانی بزانیت و هەریەكەیان بە پێی پێوەرە پەیوەندیدارەكان لە نێوانیاندا هەڵبژێرن.
سێیەم/ نمرەی هەر بژاردەیەك لە بەرامبەر ستانداردەكەدا بپشكنە.
7- دیاریكردنی هۆكارو دەرەنجامەكانی: بیرمەندانی ڕەخنەگر هەوڵی ڕوونكردنەوە دەدەن، بۆ دەرخستنی كاریگەرییەكان، ئەنجامەكان، یان زانیاری هۆكارەكان.
8- بەلەبەرچاو گرتنی دیدگای ئەوانی تر: بیرمەندی ڕەخنە زیاتر لێبوردەو ئامادەیە گوێ لە ڕوانگەی ئەوانی تر بگرێت.

ستانداردەكانی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە
1- ڕوونی: پێش ئەوەی بەشێوەیەكی كاریگەر بەڵگەكانی كەسێك هەڵبسەنگێنین، پێویستە بەشێوەیەكی ڕوون تێبگەین چی دەڵێت؛ بۆ ئەوەی هەڵە نەكەین.! بەداخەوە زۆربەی خەڵك بەدەست نەتوانینی دەربڕینی بۆچوونەكانیانەوە دەناڵێنن، جا بەهۆی كەمی ئەزموونەوە بێت، یان بێباكیی. هەندێكجار كەسێك بە شێوەیەكی تێنەگەییشتوو گوزارشت دەكات، یان وشەی نائاسایی بەكار دەهێنێت، بۆ ئەوەی زیاتر زیرەك و بیرمەندو خوێندەوارو ڕۆشنبیر دەركەوێت، لە كاتێكدا لە ڕاستیدا وانەبێت. بۆیە بیرمەندانی ڕەخنەگر هەمیشە هەوڵ دەدەن بۆچوونەكانیان بە ڕوونی و بەزمانێكی پاراو دەرببڕن كە مرۆڤەكان بەگشتی لێی تێبگەن. ڕوونی بناغەی پەیوەندی و لێكتێگەییشتنی كاریگەرە لە نێوان تاكەكاندا. كاتێك مرۆڤ لە دەربڕینەكانیدا ڕوون بێت ئاسانتر بۆ كەسانی دیكە لەبیركردنەوەو هەڵوێست و ڕەوتەكانی تێدەگەن.
2- ورد بینی: زۆربەی خەڵك لەگرنگی وردبینی تێدەگەن بەتایبەتی لەبوارە هەستیارەكانی وەك: پزیشكی و بیركاری و ئەندازیاری و تەلار سازی،كە نەبوونی ورد بینیی تێیاندا دەتوانێت ئەنجامی نەخوازراوی لێبكەوێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆكارە بیرمەندانی ڕەخنەگر پێداگری دەكەن بۆ دەستنیشانكردنی كێشەكان بە وردی بۆ تێپەڕاندنی سەر لێشێواوی، یان ناڕوونی،بەپرسیاری گونجاو وەك: بە راستی ئەو كێشەیەی كە ڕوو بە ڕوومان دەبێتەوە چییە؟ ئایا جێگرەوە، یان جێگرەوە هەیە؟ ئەگەر جێگرەوە هەبێت، لایەنە باش و خراپەكانی چین؟دەرەنجامەكان بەرەو كوێ دەچن؟ ورد بینی كارەكتەرێكی زۆر گرنگە لەكاتی ڕەچاوكردنی حوكمەكان، یان هەڵسەنگاندنی پرسەكاندا.
3- تەندروستی: ئایا دەزانی پشت بەستن بەزانیاری هەڵە، هەمیشە دەبێت هۆی بڕیاردانی هەڵە. بۆیە زانیاری تەندروست ڕۆڵێكی گەورەی هەیە لە هزری بیرمەندانی ڕەخنەگردا. پشتڕاستكردنەوەی ڕەوایەتی زانیاری و بەڵگەكان و دڵنیابوون لە متمانەو سەرچاوەكەی پێش پەسەند كردنی لە بڕیاردان، یان دەربڕینی بۆچوونەكان یەكێكە لە پێوەرەكانی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە. لە ڕاستیدا بیرمەندانی ڕەخنەگرانە بەهای ڕاستی دەدەن و زۆر جار پێش بڕیاردانی ڕەخنەگرانە. یان چارەسەر كردنی كێشەیەك كە ڕوو بە ڕوویان دەبێتەوە بە دوای زانیاری دروستدا دەگەڕێن.
4- پەیوەندی: كاتێك گوێ لە كەسێك دەگرین كە بیرو ڕای خۆی دەر ببڕێت، یان باس لە بابەتێك دەكات. یەكەم شت كە دێتە مێشكمان پەیوەندی نێوان بیرۆكەكانیەتی، ئەگەر بیرۆكەكانی یەكسان بن بەوردی گوێی لێدەگرین. خۆ ئەگەر ڕوون نەبن و هیچ پەیوەندییەك لە نێوانیاندا نەبوو بیركردنەوەكانمان پەرش و بڵاو دەبن – خۆزگە گوێمان لێنەبوایە. هەر لەبەر ئەم هۆكارە ئەگەر دەتەوێت بۆچوون و دیدگاكانتان باس بكەن پێویستە بیرۆكەكانتان یەكگرتوو بن.
5- هاوڕێكی: یەكدەنگی بریتییە لە رێكخستن لە بیرۆكەكاندا و یەكێكە لە ستانداردە بنەڕەتییەكانی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە. چونكە لۆژیك پێمان دەڵێت؛ ئەگەر مرۆڤ چەند بیرو باوەڕێكی ناتەبایی هەبێت، یەكێك لە بیرو باوەڕەكانی هەڵە دەبێت. بۆیە بیرمەندی ڕەخنەگر بەردەوام شێوازی بیركردنەوەو بەڵگەكانی خۆی دەپشكنێت تابزانێت دژایەتییان تێدایە یان نا؟.
6-لۆژیكی: بیركردنەوە بە شێوەیەكی لۆژیكانە هاوتایە لەگەڵ بیركردنەوەی دروست. بەواتای دەرهێنانی دەرەنجام لەو بیرو باوەڕانەی كە وەریدەگرین. بەڵام كاتێك باس لە بیركردنەوەی ڕەخنەیی دەكرێت پێویستمان بە بیرو باوەڕی یەكگرتوو هەیە كە بە بەڵگەی بەهێز پاڵپشتی بكرێت و ملكەچی بیركردنەوەی لۆژیكی بێت و لەسەر بنەمای بیركردنەوەی هەڕەمەكی و نالۆژیكی نەبێت وەك چۆن لە نێو خەڵكیدا ئاساییە.
7-كورتەیەك و گشتگیریی:مرۆڤەكان بە سروشتی خۆیان تەواو بوون ،یان بیركردنەوەی هەمە لایەنە و قووڵیان خۆش دەوێت و بە توندی حەزیان لە بیركردنەوەی ڕوو كەش و ناتەواو نییە.ڕەنگە تۆش ڕقت لە هەواڵی ناخۆش بێت.جارێكی تر ئەگەر بتەوێت بۆچوونەكانت دەر ببڕیت پێویستە بە شێوەیەكی ڕوون و یەكگرتوو لۆژیكی دایبڕێژیتەوە و لە قسەكانتدا خۆت لە زمان و ناواخن بە دوور بگریت.چونكە گشتگیریی و گشتگیری پێوەرەكانی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە و قسە خۆشیین. هەروەها یارمەتی دەرن بۆ داپۆشینی هەموو لایەنەكانی ئەو بابەتەی كە لە بەردەستدایە بە جۆرێك تێگەییشتن ئاسان دەكات.
8-داد پەروەریی: لە كۆتاییدا دەتوانین بڵێین دادپەروەریی یەكێكە لەو پێوەرانەی كە بیرمەندانی ڕەخنەگرانە جیا دەكاتەوە، بۆیە بیرمەندی ڕەخنەگر پێویستی بە دادپەروەریی و ئاوەزی كراوەو بیركردنەوەی بێلایەنانە هەیە. دوور لە لایەنگری كەسیی.

بیركردنەوەی ڕەخنەگرانەو میدیا
میدیاو بیركردنەوەی ڕەخنەیی پەیوەندیەكی نزیكیان هەیە، بەو پێیەی بیركردنەوەی ڕەخنەیی یارمەتی بینەر. ئامانج، یان تاك دەدات بۆ تێگەییشتن و هەڵسەنگاندنی ئەوەی كە لە لایەن میدیاوە بڵاودەكرێتەوە. تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا و ڕادیۆ و كتێب، هەروەها شیكردنەوەی متمانەی سەرچاوەكان و ئەو زانیاریانەی كە دەخرێنە ڕوو. جگە لەوەش بیركردنەوەی ڕەخنەیی یارمەتیدەرمانە بۆ جیا كردنەوەی هەواڵی ڕاست و متمانە پێكراو، لە هەواڵی ساختەو زانیاری پشتڕاستنەكراوە. كە هەوڵی دەستكاریكردن و چەواشەكردنی وەرگر دەدات. ئەگەر دەتەوێت پەرە بە تواناكانی خۆت بدەیت، پێویستە بەردەوام لە بوارەكەتدا بخوێنیتەوە و، یان بەشداری لەو خولانە بكەیت كە لایەنی پسپۆڕی گەشە پێدەدەن. ئەمەش وادەكات بڕیاری دروست بدەیت و هەموو ئەو كێشانە چارەسەر بكەیت كە ڕوو بە ڕووت دەبێتەوە، یان ئەو كەسانەی كەپەیوەندییان لەگەڵت هەیە. هەروەها پێویستە پەڕتوكی كوالێتی بەرز بخوێنیتەوە و بەردەوام بە دواداچوونت هەبێت و گەڕان بەدوای سەرچاوەی باوەڕ پێكراو بكەیت.

جۆرەكانی بیركردنەوەی ڕەخنەیی
بیركردنەوەی ڕەخنەیی چەند جۆرێكن لەوانە: شیكردنەوە و دەرەنجام و هەڵسەنگاندن.
شیكردنەوە: بریتییە لە شكاندنی زانیاریەكان، ئاڵۆزەكان بشكێنە بۆ بەشە بچووكەكان. پەیوەندییەكان بپشكنە لە نێوان ئەم بەشانەدا.
دەرەنجام: بریتییە لە دەرئەنجامدان، لۆژیكی و ماقوڵ، بە پشت بەستن بە بەڵگەی بەردەست.
هەڵسەنگاندن: بریتییە لە هەڵسەنگاندنی بەهێزی و لاوازی بەڵگەكان، یان پڕوپاگەندەكان، بەكارهێنانی بەڵگەو لۆژیك بۆ بڕیاردان لەسەر تەندروستی خۆیان

هەنگاوەكانی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە
1- كۆكردنەوەی زانیاری: پرۆسەیەكی تایبەتی پێویستە كاتێك باس لە بیركردنەوەی ڕەخنەیی، یان هەر شێوازێك دەكرێت، بۆ ئەوەی ببیتە بیرمەندی ڕەخنە گر پێویستە یا دەیانتوانی زانیاری دروست كۆبكەوە تابتوانیت بڕیاری باش و دروست بدەیت لە هەڵسەنگاندنی پرسەكاندا. هەروەها چارەسەری ڕیشەیی بۆ كێشەكان بدۆزیتەوە.
2- شیكاریی: شیكاریی كارامەییەكی جەوهەرییە لە كاتی باس كردنی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە. هیچ كەسێك ناتوانێت ببێتە بیرمەندێكی ڕەخنەگربە بێئەوەی شارەزا بێت لە ئەلف و بێی شیكاریی. هەندێك جار خەڵكان گوێیان لە شیكاریی دەبێت پێیان وایە كارامەییەكە سەختە، بەڵام پێچەوانەكەی هەر كەسێك دەتوانێت هەر كێشەیەك بە شكاندنی پێكهاتەكان، یان توخمەكانی شیبكاتەوە. كاتێك كێشەیەك دەشوێنین دەزانین چۆن ڕوویداوە، ئەوە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەو بڕیاردانی دروس . لێهاتویی شیكاریی لە هەموو بوارەكاندا – زانستی، كۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیریی، دیكە دەتوانرێت بەكار بهێنرێت و كارامەییەكی چارەنووسسازە بۆ سەركەوتن لە بوارەكاندا.
3- داهێنان:گومانی تێدا نیە داهێنان توخمێكی گرنگە لە بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە و بە بێ ئەویش بیركردنەوەی داهێنەرانە ناكەین و ئەو سندوقە ناشكێنین كە تێیدا بە بیرۆكە كۆنەكانەوە زیندانی كراوین و لەگەل سەردەمی ئێستاماندا ناگونجێن. بۆیە پێویستە پەرە بە داهێنانەكانمان بدەین و هەرگیز نەترسین لە هاتنە پێشەوەی بیرۆكەی ڕەسەن، یان نوێ. ئەگەر دەتەوێت بیركردنەوەی ڕەخنەگرانەت پەرەپێبدەیت، دەبێت كراوە بیت بەرامبەر بە بۆچوونی كەسانی دیكەو سوودیان لێوەربگریت. ئەگەر بیرۆكەكانیان ڕاست بوو، تاوەكو هاوكاریت بكەن بۆ داهێنانی دروست.گەر هەڵە بوون وازیان لێبێنە.
4- پێشكەوتنی بەردەوام:گەشە سەندنی بەرەدوام پایەیەكی گرنگی سەركەوتنە لەهەر سێكتەرێكدا، چونكە بە بێ ئەو پەرەبە تواناكانمان بە هیچ شێوەیەك نادەین.

توانای بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە
كارامەییەكانی بیركردنەوەی ڕەخنەیی بریتین لە كۆمەڵێك كارامەیی وەك: لێكۆڵینەوە و شیكاری و پەرۆشی مەعریفی و دەرەنجامی لۆژیكی كە یارمەتیمان دەدەن بۆ پەرەپێدانی هەستی ڕەخنەییمان. ئەستەمە پەرە بە خۆت بدەیت بەبێ ئەوەی كەم و كوڕی و لاوازی و ئەوشتانە دەستنیشان بكەیت كە لێی باش نیت. تەنانەت ئەگەر ئیرادەیەكت هەبێت بەردەكە بشكێنێت. بۆ نموونە كاتێك كێشەیەك، یان ڕاستیەك شیدەكەیتەوە، یان بەڵگەكان دەخەیتە ڕوو بیرمەندێكی ڕەخنەگرانەیت. بەڵام ئەمە بەس نیە، چونكە بەپەلە تواناكانی بیركردنەوەی ڕەخنەیی خۆت پەرەپێبدەیت. بەتایبەتی لەم سەردەمەدا كەبەڵگەو لێكۆڵینەوەی زۆرە. توانای بیركردنەوەكانیش ئەم چەمكانە لە خۆدەگرن.
1- دیاریكردنی بابەتەكە: ئێمە ناتوانین حوكم بدەین بەبێ دەستنیشانكردن و وەسفكردنی ئەو بابەتەی كە دەمانەوێت شیكاری بكەین. بۆیە لێهاتوویی دەستنیشانكردنی بابەتەكە، یان كێشەكە زۆر پێویستە، لەو كاتەی دەمانەوێت توانای بیركردنەوەی ڕەخنەگرانەمان پەرەپێبدەین.هەرچەندە ڕەنگە دەستنیشانكردنی بابەتێك ئاسان بێت ،بەڵام نوینەرایەتی هەنگاوێكی بنەڕەتی و پێویست دەكات لە بیركردنەوەی ڕەخنەگرانەدا. كەواتە لێهاتوویی دەستنیشانكردنی بابەت، یان كیشەكە چییە؟
بە وشەیەكی سادە: كارامەییەكە كە ڕەخنەگر بەكاری دەهێنێت بۆ ئەوەی ئەو توخمانەی كە پرسێك پێك دەهێنن و دەستنیشانیان بكات و بەوردی وەسفیان بكات.
2-گەڕان: كاتێك مرۆڤ ڕوو بە ڕووی كێشەیەك دەبێتەوە، یان دەیەوێت شتێك بزانێت ،یەكەم شت كە دێتە مێشكی لێكۆڵینەوەیە. بۆیە لێهاتوویی گەڕان بەدوای ئەو زانیاریانەی كەدەمانەوێت لە ڕادەبەدەر گرنگە. بە تایبەتی كاتێك دەمانەوێت خۆمان پەرە پێبدەین و زانیاریەكانمان دەوڵەمەند بكەین. چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزینەوەو بڕیاری دروستیان لەسەر بدەین.
3- لایەنگرییەكان دەستنیشان بكەین: هەموومان ئەگەر بڵێین؛ جار جارە لایەنگرین بە ئاگاداری یان بێئاگایانە، مرۆڤ دەبێت ئەو وریاییەی هەبێت كاتێك دەیەوێت بڕیارێك بدات یان چارەسەری كێشەیەك بكات. لایەنگری شتێكی حەتمییە. بەڵام پێناسەكردنی یارمەتیمان دەدات بە جۆرێك بیربكەینەوە بێلایەنیمان پێوە دیار بێت.
كەواتە لایەنگری چییە؟ بەسادەیی لایەنگری بریتییە لە مەیلی بەرەو بیرۆكەو هەڵوێستی خۆمان لە پلەی یەكەمداو لەبەرچاو نەگرتنی بۆچوون و بیرۆكەی ئەوانی دیكە لە یەكەم نیگادا، یان لەبەر ئەوەی لەگەڵ بیرۆكەو باوەڕەكانی ئێمەدا یەكناگرنەوە.
4- دەرەنجامدانی دەروونی: كاتێك باسی دەرەنجام دەكەین مەبەستمان لە ئاوەزو لێكۆڵینەوەو بەڵگەیە. بۆیە ئەگەر بتەوێت ببیتە بیرمەند. واتە وەك ڕەخنەگرێك دەبێت زانیاری لەسەر شتەكە بەدەست بهێنیت و لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەیت و ئەقڵ و ئاوەز بەكار بھێنیت و بەڵگەی ڕوون بهێنیتەوە بۆ سەلماندنی. بەڵگەش بریتییە لە زانیاری كە دیدگایەك دەسەلمێنێت ڕاستە، یان درۆیە.
5- بەستنەوەی بیرۆكەو زانیاریەكان:كاتێك تووشی كێشەیەك دەبیت و دەتەوێت چارەسەری بكەیت تەنهابە لێكۆڵینەوە بڕێكی زۆر زانیاری دەدۆزیتەوە كە هەندێكیان بەسوودن و هەندێكیشان سوودیان نییە، لەم حاڵەتەدا لێهاتوویی بەستنەوەی بیرۆكەكان دەبێتە گرنگ و شتێكی حەتمیی.
6- پەرۆشیی مەعریفی:كاتێك باسی پەرۆشیی مەعریفی دەكەین ڕاستەو خۆ ئاماژە بە نوسەرو فەیلەسوف و زاناو بیرمەندو پسپۆڕیەكان دەكەیت، نەك هەر كەسێك دەتوانێت قووڵ بێتەوە ناو بوارێكەوە بەبێ ئەوەی پاڵنەرێكی پەرۆشیی زانستی هەبێت. ئەگەر دەتەوێت بیرمەندێكی ڕەخنەگرانە بیت، پێویستە بە پەرۆشەوە بخوێنیتەوە و پەرە بە تواناكانت بدەیت و زانیاریەكانت دەوڵەمەندبكەیت. كاتێك مرۆڤ خوێندەوار دەبێت و سەری پڕ دەبێت لە بیرۆكەی بونیاتدەر و زانیاری زۆر لە بوارە جیاوازەكاندا پەیدا دەكات، ئاسان دەبێت بۆی كە بە چاوێكی ڕەخنەگرانە چاودێری ئەو شتانە بكات كە لە دەورو بەری ڕوو دەدەن.كۆی زانیاریەكان یارمەتی دەر دەبێت لەچارەسەری كێشەكانداو قسەكردن بە شێوەیەكی قەناعەت پێكەرو بڕیاردانی ژیرانە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا.
7- شیكاریی: شیكاریی كارامەییەكی بنەڕەتییە كاتێك پەیوەندی بە بیركردنەوەی ڕەخنەییەوە هەیە. هەموو كەسێك ناتوانێت ببێتە بیرمەندی ڕەخنەگر بە بێ ئەوەی ئەلف و بێی شیكاری بزانێت.

ئاستەنگەكانی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە
1-گریمانەكان: لە دیارترین ئاستەنگەكانی بەردەم بیركردنەوەی رەخنەگرانەن، چونكە ڕێگری لە توانای فێربوونمان و توانای پرسیاركردنمان دەكەن ئەمەش لەبەرئەوە ڕوو دەدات كە باوەڕە كەسییەكانمان قەناعەتمان پێدەكەن كە دەزانین و پێویستمان بە زانیاری زیاتر نییە. لە هەمان چوارچێوەدا ڕەنگە ببینین كە هەندێك كەس نازانن كە نازانن و ئەمەش ئەوەیە پێی دەڵێین؛ نەزانی ئاوێتە. هەروەها نەزانی ئاڵۆز بەربەستێكە لەبەردەم بیركردنەوەی ڕەخنەگرانەو زەحمەتە خاوەنەكەی ڕزگاری بێت لێی. ئەگەر دەتەوێت لە نەزانی ئاڵۆز دوور بكەویتەوە پێویستە لە بوارەكەی پسپۆڕی خۆتدا زۆر بخوێنیتەوە بۆئەوەی زانیاریەكانت زیاتر دەوڵەمەند بكەیت و توانای شیكاریت پەرە پێبدەیت. ئەمە ئاسانە، چونكە مرۆڤ توانای فێربوونی شتی نوێی هەیە. بەكورتی دوژمنی یەكەمی بیركردنەوەی ڕەخنەیی نەزانی ئاوێتەیە. واتە باوەڕی مرۆڤ كە دەزانێت لەكاتێكدا ئەو نازانێت.
2- لایەنگری ئاسایی بوون: یەكێكە لە ئاستەنگە مەترسیدارەكانی بەردەم بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە. چونكە قەناعەتمان پێدەكات كەشتەكان بەكەم سەیر بكەین و شتەكان وەك خۆیان دەمێننەوەو ناگۆڕێت. ئەم هەڵە لۆژیكییە ڕێگری لە بیركردنەوەی ڕەخنەیی دەگرێت. چونكە لەسەر بنەمای بۆچوون و هەستی كەسیی ئێمە لەكاتی بڕیارداندا دامەزراوە نەك بیركردنەوەی لۆژیكی. جگە لەوەش هانی مێشكمان دەدات كە مەترسی و زانیاری نوێ پشتگوێ بخەین بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی و بەسەلامەتی بمێنینەوە.
3- ئەزموونەكانی پێشوو: ئەزموونەكانی ڕابوردوومان، پەیوەندییە شكستخواردووەكانمان و زەبرو زەنگی سۆزداریمان كاریگەرییان لەسەرمان هەیە، لەزۆربەی لایەنەكانی ژیانماندا. بۆیە ڕوداوەكانی ڕابوردوو دەتوانێت كاریگەریی لەسەر داهاتوومان بكات. ئەمە واقیعە، بەڵام نابێت خۆ بەدەستەوە بدەین، چونكە ڕابوردوو ڕابوردووەو هەرگیز ناگەڕێتەوە .بەڵام نابێت واز لەئەزموونەكانمان بهێنین، دەبێت وانەی كاریگەر بن بۆمان و مامەڵەی دروستیان لەگەڵ بكەین.
4-كاریگەریی كۆمەڵایەتی:كاریگەریی كۆمەڵایەتی دیاردەیەكی بەربڵاوە لەناو خەڵكی بەگشتی.كاریگەریی هەست و بۆچوون و ڕەفتاری كۆمەڵایەتی مرۆڤ، یان ترسی قسەكردن. چونكە ئەمانە پێچەوانەی بیرو باوەڕی زۆرینەن. ئەگەر تۆ یەكێك بیت لەو كەسانەی لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە كاریگەرییان لەسەرە، ئەوا تووشی كێشەیەكی گەورە دەبیت. ئەمەش كاریگەریی لەسەر بۆچوونەكانت دەبێت و وات لێدەكات لەناو سندوقی كۆمەڵایەتیدا بیربكەیتەوە. وەك دەزانرێت كەسێك كە لەدەرەوەی سندوق بیرنەكاتەوە، بە هیچ شێوەیەك داهێنەر نییە. ئەگەر كاریگەریی ئەو كۆمەڵگەیە بیت كە تێیدا دەژیت ئەوا بیرۆكەكانی وەرئەگریت نەك لەبەر ئەوەی قەناعەتیان پێكردوویت، بەڵكو لەبەر ئەوەی دەترسیت بۆچوونەكانت دەر ببڕیت و لەسندوقەكە دەربچیت. (دەكرێت سندوقەكە بیرۆكەی زۆرینە بێت).
5- لایەنگریی كەسیی:كاتێك هەوڵی بیركردنەوە دەدەین لایەنگرییەكانی خۆمان دێتە ژوورەوە بۆئەوەی ڕیگریمان لێبكەن بیر لە شتگەلێك بكەینەوە كە بەپێی ئەو كۆمەڵگەیەی تێیدا دەژین ڕەنگە باش و خراپ نەبن بە پێچەوانەی بیروباوەڕی باو. بۆیە پێویستە بەڵگەو ڕاستیەكان و لێكۆڵینەوە زانستیە باوەڕپێكراوەكان و بۆچوونی كەسانی دیكە لەبەرچاو بگرەو لێی بكۆڵەرەوە و شیكاری بكەو هەڵسەنگاندنی بۆ بكە.
6-دڵە ڕاوكێ: بریتیە لە ناسەقامگیریی دەروونی، یان ناڕەحەتی كاتێك شتێك ڕوودەدات كە پێشوەختە پلانت بۆ دانەناوە. ئەگەر بەردەوام لە دڵە ڕاوكێدا بیت ئەوا كاریگەری لەسەر توانای شیكردنەوەو بیركردنەوەو بڕیارەكانت دەبێت. ڕەنگە هەندێ كەس حەز بكەن هەندێك جار لەژێر فشاردا كاربكەن، بەڵام كاركردن لەژێر فشاردا بۆ هەموو مرۆڤەكان گونجاو نیە، بە تایبەتی ئەوانەی دڵەڕاوكێیان هەیە.
7- بێهودەیی: تۆفیق حەكیم، نوسەری میسری سەبارەت بە بێهودەیی دەڵێت: تەنیا یەكێكە لە ڕووخسارەكانی نەفامی. بۆیە بێهودەیی بە یەكێك لە بەربەستەكانی بەردەم بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە دادەنرێت، چونكە مرۆڤی لوتبەرز هەمیشە پێی وایە لە كەسانی تر زیاتر دەزانێت و دەتوانێت بە خێرایی كێشەكانی و كیشەكانی كەسانی تر چارەسەر بكات بە بێ ئەوەی كەسانی دیكە یارمەتی بدەن.
8- خۆپەرستیی: لەكاتی قسەكردن لەسەر ئاستەنگەكانی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە یەكەم شت كە دێتە مێشكمان خۆپەرستییە. ئەم ڕەفتارەیە كە كەس تەحەمول ناكات و مرۆڤەكان لێمان نامۆ دەكات. بۆیە خۆسەنتەری ڕەفتارێكی تەواو نەخوازراوە كە پێكدێت لە (خۆخۆشەویستی لەڕادەبەدەر لەگەڵ … بیرنەكردنەوە لە كەسانی تر). ئەگەر دەتەوێت لەم شتە دوور بكەویتەوە، دەبێت كراوە بیت بەرامبەر بە بۆچوونی كەسانی تر هاوسۆزییان بیت و كار لەگەڵ تیۆرییەكانیان بكەیت ئەگەر زیانی بۆت نەبێت.

چۆن ڕزگارم بێت لەبیركردنەوەی زۆرو سەرقاڵكردن؟
بەكورتی:
1- چاودێری خۆت بكەو هۆكاری كێشەكە بزانە.
2- ڕێگەكانی ڕزگار بوون لەم بیركردنەوانە بدۆزەرەوە.
3- هەوڵبدە ڕاهێنانی ئیسراحەت و نێوەندگیری بكەیت.
4- ئامانجی ڕوون دابنێ و گرنگی بدە بە ئەولەویەتیەكان.
5- یارمەتی كەسانی تر بدەو هاوكارییان بكە.
6- بیركردنەوە هەڕەمەكییەكانت دەستنیشان بكەو خۆت ڕزگار بكە لێیان.
7- دان بە سەركەوتنەكانتدا بنێ و سوپاسگوزاریان بە.
8- سەرنجت لەسەر شتێك بێت بەسوود بێت بۆت.
بەكورتی بیركردنەوەی ڕەخنەیی پرۆسەیەكی ژیانی و پێویستە بۆ پەرەپێدانی توانای فیكری و جیا كردنەوەی نێوان ڕاست و هەڵە. ئەم جۆرە بیركردنەوە یارمەتیدەرە بۆ باشتر كردنی توانی بڕیاردان و پەیوەندی كاریگەرانە لەگەڵ كەسانی تر. هەروەها بەشدارە لە بەهێزكردنی بیركردنەوەی لۆژیكانە.

سەرچاوەكان:
التفكير الناقد – (المهارات +طرق تنميته)…….أسماء مختار.
خصائص التفكير الناقد …….ليلى العاجيب.
تنمية مهارات التفكير (التفكير النقدي) ….. داليا محمد الشافع.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت