نەوزادی موھەندیس: لە پەراوێزی ھەڕەشەکانی تورکیا بۆ سلێمانی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ ھەمیشە سلێمانی ویەکێتی بە ئامانج دەگیرێن؟
پرسیارە سادە و ساکارە ھەمیشەییەکە بەدرێژایی تەمەنی سلێمانی 240 ساڵە و بەدرێژایی تەمەنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش49 ساڵەییدا کە ھەمیشە دووبارە دەبنەوە، بۆچی یەکێتی و سلێمانی بونەتە ئامانج و نیشانەی لێدانی نەیار و داگیرکاران و دوژمنانی کورد و کوردستان؟
بەکورتی و کرمانجی یەکێتی و سلێمانی جمکێکی لێکدانەبڕاون و ھەمیشە چارەنووس و ئێستا و ئایندەیان پێکەوە گرێدراوە،لەخۆشی و ناخۆشیەکان و لە ئاشتی و جەنگەکان و لە ململانێ و دوژمنایەتیەکاندا، ھەربۆیە یەکێتی و سلێمانی پێکەوە کاروانی خەبات و تێکۆشان و ململانێ جۆراوجۆرەکانیان تێپەڕاندوە و پێکەوە خەباتی ڕاستەقینەی کوردایەتیان درێژەپێداوە و مەشخەڵی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و شۆڕش و کوردایەتیان بەرزکردۆتەوە و بەگژ دوژمنان و داگیرکارانی عەرەب و تورک و فارسدا چونەتەوە ھەر لەسەرەتای ئیمارەتی بابانەوە پێش 200ساڵ و تاکو ئێستاش سلێمانی ھەمیشە کوانوی خەبات و تێکۆشان بوە و ھیچ کات ڕام و دەستەمۆی سیاسەتە سەپێنراوەکانی ناوخۆ و عێراق و ناوچەکەش نەبوە، ئەوەش لە ھەڵکەوتەی پێگە جوگرافیەکەی و لە پشتیوانی خەڵکە ڕۆشنبیر و سەرکردە بوێرەکانی و جەماوەرە چاونەترسەکەیەوە بووە. یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش وەکو ھێزێکی شۆڕشگێڕ و سەرسەخت و ڕاستەقینەی کوردایەتی و خاوەنی پێگەی گەورە و بەھێزی سیاسی و ئابوری و پێشمەرگەیی و جەماوەری ھەمیشە سلێمانی کردۆتە قەڵا سەوزەکەی خۆی و ئیدی بونەتە جمکە لێکدانەبڕاوە مێژوویەکەی یەکتری.
لەئێستادا سلێمانی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کەوتونەتە بەر ھێرش و پەلاماردانێکی ناڕەوا و بێویژدانانەی بەناو براو دۆستەکانی ناوخۆ لەپێش داگیرکارانەوە. ئەوەتا پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە یەکێتی و سلێمانی بەنەیاری خۆی دەزانێت و بەھەموو شێوازێک گەرەکێتی لەناویان بەرێت و بچووکیان بکاتەوە و ھەر ڕۆژەی پەنا دەباتە بەر فڕوفێڵ و دەستکێشکردنی ھێزی داگیرکاران و دەبێتە پێشقەوڵی سوپا و ھەواڵگری و درۆنەکانیان و زانیاری و GPS کوردانیان پێدەدات، ئەوەتا ڕۆژی 3 شەممە 14ئایاری 2024 و لە ژماری 6741 ڕۆژنامەی خەباتی زمانحاڵی پارتی بە فۆتنی گەورە دەنوسێت؛ (پەکەکە لە سنوری سلێمانی ھێز دروستدەکات و دەینێرێتە قەندیل و ڕۆژئاوا). جا گەر ئەمە ھەڵوێستی بەناو دۆست و برای خوێنی بێت ئیدی دوژمنی تورک و فارس و عەرەبمان بۆچییە؟
ئەم ھاوئاوازیەی پارتی و ڕاگەیاندنەکەی بەو شێوە ئاشکرا و ڕووقایمیەوە تەنھا ئاماژەیەکە بۆ بێباکی بە ئێستا و ئایندەی تەواوی دەسەڵات و حوکمڕانی و ئەزموونی ئەم ھەرێمە و بەتایبەتیش بۆ سلێمانی و بەتایبەتی تریش بۆ دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. بەئاشکراش بەھەموان دەڵێت کە پارتی و دەسەڵاتدارانی ھێندەی بەخەمی بەرژەوەندی و دەسەڵاتی بێگانە و داگیرکارانەوەن نیوھێندە لەخەمی وڵات و کورد و کوردستاندا نین و ئەمەش تەنھا بۆ مانەوە و پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانی بنەماڵە و پارتی دەکەن.
ئەم خۆش ئاوازیەی پارتی وەک سەندنەوەی ڕاگەیاندنەکانی تورکیا و وتەکانی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری تورکیایە کە بە ئاشکرا دەڵێن سلێمانی و یەکێتی پشتیوانی و ھاوکاری پەکەکەو ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن بۆیە بەمافی خۆمانی دەزانین لەکات و ساتی پێویستدا ھەڵوێست بەرامبەر سلێمانی و یەکێتی و سەرۆکەکەی وەربگرین.ئەوەتا گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ 6 مانگی دی درێژکردەوە و ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەکەش دەکەن. و لەولاشەوە بەئاشکرا و لەناو کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیادا و ئەردۆگانیش بۆخۆی لە کۆتایی کۆبونەوەی سەرانی ناتۆ لە ئەمریکا باس لە سلێمانی و سەرۆک باڤڵ تاڵەبانی دەکەن لەھاوکاری براکانیدا.دەڵێن تۆپەکە لە گۆڕەپانی یەکێتیدایە و تا داواکاری و مەرجەکانمان نەھێننە دی ھەڵوێستمان ناگۆڕین.
تورکیا و سەرانی ماوەی ساڵێکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیان گەمارۆداوە و سەرچاوەیەکی داھات و ژیانیان لە سلێمانی بڕیوە و ماوەی چەندساڵێکیشە ھەفتە و مانگ گوزەر ناکەن تا بە درۆن و لەڕێگەی پیاوانی خۆیانەوە ھێرش و پەلاماری فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت و خەڵکی مەدەنی و چالاکوانی کوردان نەدەن و تیرۆریان نەکەن.ھەموو ئەمانەش بە چاوساخی و دەستکێشکردنی براکانی خۆمان ئەنجام دەدەن. بەڵام پارتی و داگیرکارانیش خەیاڵیان خاوە کە سلێمانی و یەکێتی و سەرۆکەکەی چۆک دابدەن و بچەمێننەوە لەبەرامبەر داواکاریە ناڕەواکانیان و بەفیتی ئەوان پشتبکەنە براکانیان. ھەرئەم ھۆکارانەن کە ھەمیشە سەری ڕمەکان بەتەنھا بۆ سەرسنگی سەرۆکی یەکێتی و یەکێتی و سلێمانی ئاڕاستە دەکرێن،چونکە باش دەزانن کە ھەرئەمان پارێزەری ڕاستەقینەی کورد و کوردستانن نەک بەکرێگیراو و وڵاتفرۆش و برا فرۆشەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت