سەردەشت محەمەد: کێ براوەی ئەم جەنگەیە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەلێن و ناکۆکیەکانی نێوماڵی کورد ئەوەندە قوڵ و فراوانە، نەیارەکانی هەرچۆنێک و هەرکاتێکیان بوێ دەتوانن بەئاسانترین شێوە چیرۆکێک یاخود ڕوداوێک بخوڵقێنن بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێوە هێزە کوردیەکان بەیەکدا بدەن.
ڕاستە ئەم لێکترازانە بناغەیەکی مێژووی دوور و درێژی هەیە، بەڵام ڕەنگە هیچ کات و هیچ وەختێک لە مێژوودا نەبینیەوە هێندەی ئەم کاتەی ئێستا کورد، ماڵێکی شپرز و لێکترازاوی هەبوبێت، ئێستا دۆخەکە وای لێهاتووە هەموو هەفتە و سەری مانگێک دەبێت بەلایەنی کەمەوە بەیاننامەیەک ببینین کە هێزێک یاخود بنماڵە و گروپێکی کوردی دژی هێز و گروپێکی دیکەی کوردی دەریدەکات.
هەرچەندە بەیاننامە و لێدوان و ڕونکردنەوەکان سودێکی ئەوتۆیان نییەو ناتوانن زۆرینەی کۆمەڵگا فریوبدەن، چونکە زۆرینەی شەقامی کوردی گەیشتۆتە ئەو ئاستی هۆشیاریەی کە بەئاسانی بتوانن خوێندنەوەی بۆ ڕاستی پشت ڕوداوەکان بکەن، کە ئەمە قۆناغێکی گرنگە لەو قۆناغانەی کە زۆرینەی تاکی کورد پێی گەیشتووە، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە ئەو بێئاگایی و تێنەگەیشتنەی هێزە کوردیەکانە کە نازانن ئەم ناکۆکیانە بەر لەهەموو کەسێک زیانی گەورە بەخۆیان دەگەیەنێت، چونکە لە هیچ کاتێکدا نەبووە سەرکردایەتی کورد ئەوەندەی ئێستا لە ڕەفاهێت و خۆشگوزەرانیدا ژیابێت، بۆیە تێکچونی ئەو بارودۆخە ئەگەر جارێک مایەی زیان بێت بۆ خەڵکێکی ساددە و ئاسایی ئەوا دەتوانین بڵێین، دەیان جار زیانەکەی گەورەتر و کارەسات بارترە بۆ خودی هێزەکان، لەکاتێکدا ئەوەی لە ململانێ و کێشمەکێشدایە هەر خودی خۆیانن.
لێرەوە دەکرێت بڵێین؛ زیان چی بۆ هاوڵاتی و چی بۆ سەرانی هێزە سیاسیەکان هەر زیانە و لە هەردو بارەکەدا ئێمە هەر دۆڕاوین، بەڵام ئەوەی براوەی ئەم ناکۆکی و لێکترازانەیە نەیارەکانمانن، ئەوانەن کە چەندین ساڵە خەون بە نەمانی ئێمەوە دەبینن، ئەوانەن کە بەناوی پاراستنی سنورەوە سەروەری خاکی ئێمە پێشێل دەکەن ئەو هێزانەن کە پێشێلی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەن، ئەو هێز و لایەنە دەرەکیانەن کە بناغەی دروستبونی دەوڵەتەکانی خۆیان لەسەر گیان و خاکی ئێمە بنیات ناوە.
ئەوەتا دەوڵەتێکی وەک تورکیا بەبەرچاوی هەمو دونیاوە سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەزاندووە، بەزاندی ئەمجارەی سنورەکانی کوردستان، جیاوازترە و مەترسیدارترە بەراورد بەجارەکانی پێشوو، ئەمجارەیان تورکیا بڕیاری مانەوەی داوە و خەڵکە سڤیلەکەی ئەو ناوچانەی ناچارکردووە کە کۆچ بکەن، ئەم کۆچە هەروا پرسێکی ئاسایی نییە لە دورمەودادا زیانەکانی زیاتر دەردەکەون، چونکە هەمو ئەو خێزانانەی کە ناچار بە کۆچکردن کراون خەڵکی ناوچە گوندنشینەکان، کە هەمومان دەزانین گوندەکان بڕبڕەی پشتی ئابوری شارەکانن، شارەکان بەبێ بونی گوندەکان وەک جەستەیەکی بێ گیان وەهان، ئەمە نەک بەتەنها لە بواری ئابورییەوە پەیوەندییەکی توند لە نێوان شار و گوندەکاندا هەیە، بەڵکو لە دواجاردا کۆچی گوندنشینان و ناچاربونیان بۆ نیشتەجێبوون لە شارەکاندا دەیان گرفتی مەترسیداری دیکە بەدوای خۆیاندا دێنن، لەوانە گرفتی نیشتەجێ بوون و زیادبونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان و گرفتی بێکاری و… هتد.
بۆیە بۆ دەربازبون لەم دۆڕانە کە خەریکە بەرۆکی هەمومان دەگرێت ڕێگەچارە دروستکردنی کۆدەنگییە، کۆدەنگییەک لە ناوخۆ و دەرەوە، دەبێت بەجۆرێک بێینە دەنگ ئەو هێز و گروپە نێوخۆیانەش کە بەرژەوەندیان هەیە لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکاندا بەجۆرێک سنورێکیان بۆ دابنرێت کە جارێکی دیکە نەتوانن بمانخەنە بەردەم چارەنوسێکی ئاوا نادیار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت