نەوزادی موھەندیس: ھەژماری من بۆچی ؟ لە بەرژەوەندی کێدا ؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە کەرت و بواری دارایی و بانکی، کەرت و بوارێکی گرنگ و ھەستیاری سیستەمی حوکمڕانی ھەر حکومەت و دەوڵەتێکی مۆدێرن و سەردەمین و بەبێ کاراکردن و چالاکبوونی ئەو کەرتە و ڕێکخستنەوەی لەسەر تازەترین بنەما و ڕێکار و ڕێسا و یاسا نوێکانی زانستی ئەو بوارەدا، دەوڵەت و حکومەتەکان ناتوانن پێشبکەون و ناتوانن پەیوەندیە دارایی و بازاڕی و بانکی لەناوخۆ و لەنێوان وڵاتانیشدا گەشەپێبدەن و ناتوانن لەگەڵ ڕەوتی بەرەوپێشبردن و ئاسانکاریەکانی ئابوری و بازاڕ و بازرگانی سەردەم و سەربەخۆدا بەرەوپێشەوە بچن. ھەربۆیە وڵاتانی دواکەوتوو، یان گەشەنەسەندوو، یان وڵاتانی تازەگەشەسەندوی جیھان و تەنانەت پێشکەوتوەکانیش لەھەوڵی بەردەوامدان بۆ ڕێکخستنەوە و گەشەپێدان و نوێکردنەوەی ئەو کەرت و بوارە زۆر گرنگە. چونکە ھۆکارێکە بۆ گەشەپێدان و ئاسانکاری لە ئاڵوێڵی دراو لەنێوان وڵاتان و کۆمپانیاکان و سەرمایەداران و مامەڵەنەکردنیشە بە دراوی نەختینەوە کە مامەڵەکردن و گواستنەوە و ناردنی کارێکی ئاسان نیە لە فڕۆکەخانە و بەندەر و سەر سنورەکانەوە بەبڕی گەورە و زۆر،بەھەمان شێوە ئەم جۆرە مامەڵەکردنە بانکیە ھۆکارە بۆ ئاسان مامەڵەکردن و خێرا ڕایکردنی کڕین و فرۆشتن و دواتریش دوورکەوتنەوەیە لە کاری خۆدزینەوە لە باج و ساختەکاری و دزین و ونبوون و کەمکردنەوەی کاری تاوانی ھەڵکوتانەسەر و ڕووتکردنەوە و … ھتد.
ھەربۆیە بەم ھەموو گرنگی ئەم پڕۆسەیەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش دروشمی حکومەتی ئەلکیترۆنی بەرزکردۆتەوە لەھەموو بوارەکانی کارگێڕی و یاسایی و دارایی و مووچە و…ھتد.کاری باشیشی ئەنجامداوە بەو ئاڕاستەیە، ئەوەتا لەسەرەتای ساڵی 2015وە و لەکابینەی چوارەمی حکومەتی ھەرێمەوە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی پیادە کردوە و ھەروەکو کارێکی ئەزموونی لەوساڵەدا مووچەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تاقیکردەوە و مووچەی 7مانگی ئەوساڵەی بە بانکی کرد و فەرمانگە و فەرمانبەرانی دابەشکردە سەر چەند بانکێکی حکومی و پڕۆسەکە تاڕادەیەک بەباشی چوە پێشەوە، بەڵام لەناکاو نەماو و ڕاوەستاو گەڕاینەوە سەر ڕێڕەوە کلاسیکیەکەی کە لە ناو فەرمانگەکان و بەلیستی مووچەی کاغەز مووچەمان وەرگرتەوە و ھەر ئەو کاتەش ئێمە وەکو کارگەی جگەرەی سلێمانی لە بانکی RT BANK مووچەمان وەردەگرت بە دەفتەری چەک و ھەر فەرمانبەرە حسابی بانکیمان بۆ کرایەوە.
لە ئێستاشدا کەماوەی نزیکەی 2 ساڵە لەناو حکومەتی ھەرێمدا باس باسی (ھەژماری منە) کە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە دەستپێشخەری بۆ کراوە و بانگەشەی بۆدەکات و بەشانوباڵیدا ھەڵدەگوترێت و باسی لایەنە باشەکانی دەکرێت و فەرمانبەران ھاندەدەن کە بەشداری لەو ھەژماری بانکیەدا بکەن، بەڵام ئەوەی کە حکومەت خۆی ڕایگەیاندوە لە پارێزگای ھەولێر 95% و لە پارێزگای دھۆک 82% و لەپارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە تەنھا 32% بەشداریان کردوە.
پرسیار و گومان و تێبینیەکان دەربارەی ھەژماری من زۆرن وەک :
• ئەم ھەژماری منە بۆ ؟
• کێی لەپشتەوەیە؟
• بۆچی ھەژماری من لەبانکە حکومیەکاندا ناکرێتەوە؟
• بەڵام لە چەند بانکێکی ئەھلیدا دەکرێتەوە وەک دەوترێت سەرمایەکانیشیان زۆر نین ؟
• بۆچی حکومەتی ھەرێم بەرھەڵستی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دەکات بۆ تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەران لە بانکە حکومیەکانی فیدڕالێدا وەکو الرافیدین و الرشید و TBI؟
• ئەی بۆچی فەرمانبەران و مووچەخۆران لەم ھەژماری من دەسڵەمێننەوە و ناچن بەرەو پیری پڕۆسەکە بە گەرموگوڕی؟
• دەوترێت کە گریبَبەستێکی نھێنی ھەیە کە بانکەکان بەبێ ئاگاداری فەرمانبەران واژۆی دەکەن کە ھەموو مەرج و بەندەکانی لە بەرژەوەندی بانکەکەدایە ؟
• ئایا ئەو 8 بانکە ھیچ ئیمتیاز و ئۆفەرێکیان ھەیە بۆ مووچەخۆران لە پێدانی قەرز و سلفە وەکو بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید؟
• ھۆکاری دژبەریکردنی حکومەتی ھەرێم چییە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ تەوتینکردنی مووچە لە بانکە فیدڕاڵیەکاندا؟ لەکاتێکدا ئەو بانکانە حکومین و پاڵپشتی بەھێزی داراییان ھەیە لەلایەن حکومەتی ناوەند و بانکی ناوەندیەوە؟
• حکومەتی ھەرێم بۆ ئەو ھەموو عینادیە دەکات و پێداگیری لەسەر ھەژماری من دەکات کەبۆتە ھۆکاری بەردەوامبوونی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم؟
• ماوەی 2 -3مانگە تەنھا توانراوە نزیکەی ٥٠ھەزار مووچەخۆر مووچە بە ھەژماری من وەربگرن، بەڵام کێشەی جھازەکانی ATM لەڕووی ژمارە و کێشە ئەلکترۆنی و میکانیکی و کارەبایی زۆری تیادایە و ناتوانرێت بە ئاسانی و لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگیرێت؟
• کێشەی سەرەکی ھەژماری من (نەبوونی دراوی نەختینەیە لەناو جھازەکاندا)، وەکو ئەوە وایە لەبۆریی ئاوی ماڵاندا ئاو نەبێت بەڵام حکومەت 10 میراوی دانابێت بۆ دابەشکردنی ئاو! ئیدی لە فەرمانگە وەربگیرێت یان لەھەژماری من چ جیاوازیەکی ھەیە کە ھەردووکیان پارەی نەختینەن؟
• قەرەباڵغی فەرمانبەران لەناو فەرمانگەکاندا بەدیار و ئاشکرا نەبوو لەسەر شەقامەکان و ھەموان لەماوەی کەمتر لە چەند کاتژمێرێکدا مووچەی خۆیان وەردەگرت؟ بەڵام بە ھەژماری من، قەرەباڵغی ناو فەرمانگەکان ھاتۆتە سەر شەقامەکان و مووچەکەش بە ئاسانی و لەکاتی خۆیدا وەرناگیرێت.
• لەفەرمانگەکان کەسانی نەخوێندەوار و نابینا و نابیستا و کەمئەندام، پێویستیان بە کەسی تری نزیکی خۆیان نەبوو بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان؟ بەڵام لەھەژماری من ئەو کەسانە دەبێت ھەمیشە کەسێکی تر لەگەڵ خۆیاندا ببەن؟
• کەمی ژمارەی ئامێری ATM کێشەیەکی گەورەیە لەگەڵ کێشەی نەبوونی کارەبای بەردەوام لە شار و شوێنە گشتیەکان و لە قەزا و ناحیەکاندا؟ چۆن چارەسەردەکرێن؟
• کێشەی سەرەکی ھەژماری من بریتیە لەوەی کە ئەم پڕۆسەیە و بەداخیشەوە تەواوی حکومەت جێگە متمانەی مووچەخۆران و ھاوڵاتیان نین، ھەربۆیە بەگەرموگوڕی بەپیریەوە ناچن؟
• بەھۆی ئەوەی لە ڕابووردووداو و لەماوەی 10ساڵی ڕابووردوودا 2014- 2024 حکومەت چەندین مووچەی مووچەخۆرانی پاشەکەوتکردوە و نەیگەڕاندۆتەوە؟و واتەواتی ئەوەھەیە کە تەنھا لە 70% مووچەکە دەدرێت؟یان حکومەت قەرزەکان و سلفەکانی لای ھاوڵاتیان لە ھەژماری من وەردەگرێتەوە بەبێ پرسی مووچەخۆران؟و دەیان وتی وتی تر.
• دەوترێت ڕێژەی عمولەی ئەو بانکانە بریتیە لە 2500دینار بۆ ھەر مانگێک کە لە مووچەخۆر وەردەگیرێت،کە بۆ 1.250.000 مووچەخۆر مانگانە دەگاتە 3.125.000.000 دینار کە ھاوتایە بە 2ملیۆن دۆلار.ئەم بڕە پارەیە بڕێکە گەورەیە و تەنھا و تەنھا بۆ قازانجی خاوەن بانکەکانە؟
• لەبەرئەو ھۆکار و پرسیار و تێبینی و گومانانە و دەیانی تریش مووچەخۆران متمانەیان بە ھەژماری من نیە و بەپیریەوە ناچن،ئەمە ڕاستی و دروستی ھەژماری منە، ئەوەی کە پڕۆسەکەشی کردۆتە جێگەی گومانی زیاتر پێداگیری حکومەتی ھەرێمە لە سەر ئەنجامدانی بە زۆر و ھەڕەشە لە فەرمانبەران،چونکە ھەموو ئەو بانکانەی کە بەشدارن لە پڕۆسەکەدا خاوەندارێتیان کەسان و لایەنی وەبەرھێن و کەرتی تایبەتن و قازانجی زۆری مانگانەی 2ملیۆن دۆلاریان دەستدەکەوێت لە موچەی فەرمانبەرانەوە بەبێ ئەوەی کارئاسانی و بارسوکیەکیان کردبێت بۆ فەرمانبەران. جا تا ئەوکاتەی کە حکومەت و فەرمانبەران متمانە بەیەکتری دەکەن پڕۆسەی ھەژماری من سەرکەوتوو نابێت و نابێتە جێگەی متمانەی زۆرینەی مووچەخۆران لەکاتێکدا بەبەرچاویانەوە مووچەخۆرانی عێراق مانگانە لەکاتی خۆی و بە ڕاستگۆیانە موچەکانیان وەردەگرن لەبانکە فیدڕاڵیەکاندا.
جا بۆئەوەی کێشەی مووچە و مووچەخۆرانی ھەرێم بنەبڕبکرێت ھەق وایە حکومەتی ھەرێم چیدی بانگەشە بۆ ھەژماری من نەکات و ئەو پڕۆسەیە دابخات و ڕێگەبدات بە تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم لە بانکە فیدڕاڵیەکاندا ھەروەک چۆن مەلەفی نەوت و داھاتە نەوتی و نانەوتیەکانی ڕادەستی حکومەتی فیدڕاڵ کرد . بۆئەوەی مووچەخۆرانی ھەرێمیش وەک مووچەخۆرانی عێراق چەند ساڵێک بەخۆشی و بێ کێشەی دواکەوتن و پاشەکەوتکردن و بە پلەبەرزکردنەوەی ساڵانەی خۆیان مووچەکانیان وەربگرن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت