بەهرۆز جەعفەر: جیهانی پاش ئەمریکا، لە بارەی ڕیچارد هاس و فەرید زەکەریاوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باسی وەرچەرخانی جیهانە، بەڵام لەسەردەمێکدا کە هەژموونی ئەمریکا لاواز بوە، زیرەکی دەستکرد لە گۆڕێیە، جگە لە هەڵکشانی چین و کاریگەری بێ ئەندازەی نەرمە هێزەکەی بە ڕێگای ئاوریشمدا، ڕۆڵی هێزە مامناوەندەکانیش یەکلاکەرەوەیە، وەکو: ڕووسیا و هیند و باشوری ئەفریکا و بەرازیل و باشوری کۆریا و سعودییە و هی دیکەش، کە بە بێ ئەوان هیچی وا ناکرێت، ئەوەتا مێژوو ڕێپێوان دەکات، کارتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆربەیان لە لای قەتەرە نەک ویلایەتە یەکگرتوەکان و سۆڤییەت! جگەلەوەش لەم جیهانەی باس دەکرێت، ڕۆڵی ئەکتەرە نا دەوڵەتییەکان بەتایبەتی کۆمپانیاکانی بواری کۆمینیوکەیشن و تەکنەلۆژیا زۆر هەڵدەکشێ، ڕەنگە فەیسبوک و گۆگڵ، یان ستارلینک و زیرەکی دەستکرد جەنگی ئۆکراین یەکلابکاتەوە!
بۆ یەکەمجار ساڵی (2008) ڕیچارد هاس-Richard Haass لە فۆڕن پۆلەسی باسی هاتنی جیهانێکی بێ جەمسەر (Non- Polar World) ی کرد، هاس دیبلۆماتێکی ئەمریکییە، بەرپرسی بەشی ستراتیج و پلان بووە لە سیاسەتی دەرەوەی کابینەی بووشی کوڕ. ئەو گوتی؛ جیهانەکەمان بێ جەمسەر” دەبێ، نە فرە جەمسەر، نە یەک جەمسەر نە دوو، نە تێکەڵ. کەچی لەمدواییە، لە ساڵی (2023) ەوە، جەواد زەریفی وەزیری پێشوی دەرەوەی ئێران و جێگری سەرۆک کۆماری ئێستا بۆ کاری ستراتیجی! کردویەتی بەهەڵڵا، گوایە ئەو تیۆرەی داهێناوە؛ جیهانی داهاتوو، جیهانێکی بێ جەمسەر دەبێ. زەریفی خوێندنی ئامادەیی و بەکالۆریۆس و دوو ماستەر و دکتۆراشی لە ئەمریکا (سانفرانسیسکۆ) تەواو کردوە.
بەهەمان شێوە، ساڵی (2008) فەرید زەکەریا کتێبی ” جیهانی پاش ئەمریکا- The Post America’s World”ی نووسی، وەک فەرید خۆی دەڵێت؛ ئەمە کتێبێک نییە دەربارەی دابەزینی ئەمریکا، بەڵکو باس لە سەرهەڵدانی هەموو کەسێکی دیکە دەکات.
بەم شێوەیە کارە گرنگەکەی فەرید دەست پێدەکات لەسەر ئەو سەردەمەی ئێستا پێی گەیشتووین. ئەو بەدوای سەرکەوتنی کتێبی داهاتووی ئازادیدا کە زۆرترین فرۆشی هەبووە، بە پێشبینییەکی یەکسانەوە جیهانێک باس دەکات کە تێیدا ئەمریکا چیتر زاڵ نابێت بەسەر ئابووری جیهانیدا، یان جیۆپۆلیتیک ڕێکناخات، یان کولتوورەکان سەرکوت ناکات. ئەو “سەرهەڵدانی گەشەی وڵاتانی وەک چین و هیندستان و بەرازیل و ڕووسیا و چەندانی تر، وەک چیرۆکێکی گەورەی سەردەمی ئێمە دەبینێت و چیرۆکێک کە جیهان لە قاڵب دەداتەوە. بەرزترین بینا و گەورەترین بەنداو و گەورەترین فیلمی فرۆشراو و زۆرترین مۆبایلی پێشکەوتوو، هەموویان لە دەرەوەی ئەمریکا دروست دەکرێن. ئەم گەشەکردنە ئابوورییە متمانەی سیاسی و شانازی نیشتمانی و ئەگەری کێشەی نێودەوڵەتی بەرهەم دەهێنێت. ئەمریکا چۆن لەم کەشوهەوای نێودەوڵەتییە کە بە خێرایی دەگۆڕێت، تێبگات و گەشە بکات؟ ژیان لە سەردەمێکی جیهانی ڕاستەقینەدا مانای چییە؟ زەکەریا بە ڕوونی و تێڕوانین و خەیاڵی نەریتی خۆی وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە. ئەگەرچی زۆر سکۆڵەری دیکە هەن، ددانی پیادا دەنێن کە بەڵێ؛ جیهان بۆتە فرەجەمسەریی. (واتە سێ زلهێزی گەورە، یان زیاتر هەن لە جیهاندا) و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نابێت ئەمریکا لە فرە جەمسەریی بترسێت، بەڵکو پێویستە لەو جۆرە نەزمە نوێیەدا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆی بگەڕێت.
ئەوەی پێویستە، بۆ دیدگاکانی “هاس، زەکەریا” زیادبکرێ و وەڵام بدرێتەوە، ئایا درووستکردنی بڕیاری جیهانی لەسەردەمی جیهانێکی بێ جەمسەر، یاخود بەلای کەمەوە لە جیهانێکی فرەجەمسەردا چۆن دەبێت، بۆ نموونە لەو سیستەمە نوێیەدا، درووستکەرانی بڕیاری جیهانی چۆن ڕووىەڕووی گەرمبوونی گۆی زەوی و کێشەکانی ئاوو هەوا دەبنەوە، یان چۆن سنوور بۆ تەشەنەسەندنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانییدا دادەنێن؟ ئایا ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبێ لەو نەزمە جیهانییە نوێیەدا؟ دیرۆکی هەڵکشانی باشوری ئاسیا بە تایبەتی “چین” چۆنە؛ ستراتیجی “چین” هەر لە چوارچێوەی “گەشەی ئابوری و بەرهەمهێنان” دا دەمێنێتەوە، یان بەرە- بەرە دەگۆڕێت بۆ پرسی “ئاسایش” و “جیۆپۆڵەتیک” و کۆڵۆنیالیزەکردنی هەندێ ناوچە!؟ ئەمانە پرسیارن، لەگەڵ چەندین هێلكاریی دیکە، لە کتێبی ئایندەمدا بە ناونیشانی ” وەرچەرخانی جیهانی؛ ئایندەی جەمسەرگیریی و ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” ڕوون دەکرێتەوە، کە بڕیارە ئەو کتێبەشمان لەساڵی ئایندەدا بە ئینگلیزیی لە لایەن یەکێک لە کۆمپانیا گەورە بڵاوکەرەوەکانی جیهانەوە بڵاو بکرێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت