لوقمان مستەفا: لە پشتی یاساوە لە کەرکوک چی دەگوزەرێ!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نزیکەی نۆ مانگە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق ئەنجامدراوە، لەکۆی ئەو پانزە پارێزگایەی عێراق کەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی تێدا ئەنجامدراوە، بەتەنها لە پارێزگای کەرکوک حکومەتی خۆجێی پێکنەهاتووە و سەرجەم پارێزگاکانی تر لە ماوەیەکی کەمدا حکومەتی خۆجێییان پێکهێناوە. پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێیی لە کەرکوک لەکاتێکدایە کەنەک لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن بەشدارن لە گفتوگۆکاندا، بەڵکو خودی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش سەرپەرشتی گفتوگۆی نێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی ئەو شارە دەکات کەتوانیویانە کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستبهێنن لەهەڵبژاردنەکاندا، چەندین جاریش باس لەسیناریۆی جۆراو جۆر بۆ دابەشکردنی پۆستەکان لەوشارە کراوە بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک.
جگە لەمانە هۆکارێکی تریش ئەوەیە کە هەر کوتلە و پێکهاتە و تەنانەت حزبیش سەقفی داواکارییەکانی بەرزە و کەس لێی نایەتەخوار و جا ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بێ متمانەیی پێکهاتەکان بەیەکتری.
بۆ نەگەیشتن بە ڕێکەوتن ھۆکار زۆرن وەلێ لە ھەمووی ناخۆشتر ڕاکێشانی دەستی دوژمنی دەرەکیە بۆ دەستێوەردان لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی لەو شارە کوردنشینەدا.
بۆ ئەم دەستێوەردانەش پارتی و یەکیەتی بەرپرساری یەکەمن کە بەرژەوەندی حیزبیان زاڵە بەسەر خزمەتکردن بەم شارە خێر لە خۆ نەدیوەدا.

* پیلانی بەرەی کورد (پارتی) و تورکمان و عەرەب و تورکیا:
وەک زانراوە کە تورکیا ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک دەکات. ( ئەوەتا کەناڵى “تەرەتە”ى تورکی بڵاویکردەوە، بە هەوڵەکانی تورکیا،”پارتی و عەرەب و تورکمان” گەیشتوون بە ڕێککەوتن لەسەر دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک .) بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، کورد(پارتی)، عەرەب و تورکمان بەشێوەی خولی پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەردەگرن و سەرەتا تورکمانێک دەبێتە پارێزگار.!

* پیلانی بەرەی کورد (یەکیەتی )و عەرەب سودانی (ئێران ):
ھەرچەندە ئێران بە ئاشکرا نەھاتۆتە ناو گەمەکەوە، بەڵام ئامادەگی سودانی لە دانیشتنی لەگەڵ پێکھاتەکان بەرەی ئێرانە ئیتر، بەم شێوەیەیە: کورد و عەرەب رێکبکەون لەسەر حکومەتی خۆجێی و پۆستی پارێزگار کە دوو ساڵ بۆ کورد بێت( یەکیەتی ). دوو ساڵیش بۆ عەرەب، بەڵام ئەوەی بۆتە گرفت لەنێوانیاندا ئەوەیە هەرلایەنە و دەیەوێت دوو ساڵی یەکەم بۆخۆی بێت، چونکە بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵ پەسەندکراوە، یەکیەتی دەیەوێت لەم دوو ساڵەی یەکەم کە بودجەی هەموو عێراق و پارێزگاکان تەرخانکراوە، پۆستی پارێزگار وەربگرن تا بتوانن ئەو بەڵێنانەی كە بە خەڵكی شارەكەیان داوە و بەو بودجەیەی بۆ کەرکوک دانراوە خزمەتی شارەکە و هەموو پێکهاتەکان بکەن، عەربیش بۆیە پێداگری لە دوو ساڵی یەکەمی وەرگرتنی پارێزگار دەکەن، چونکە حەوت ساڵە پۆستی پارێزگار لای ئەوانە، هەرچی پڕۆژەیە وەریانگرتووە بەهاوبەشی ئێستا بۆ هەر پڕۆژەیەک ئەنجامبدرێت لە 20% بۆ لە 30% لە مقاولەکە دەسێنن، بۆیە بەئاسانی وازناهێنن لەم کارە.” هەرچی پێكهاتەی بەرەی تروكمانیشە سوودمەنی سەرەكین لە ململانێی نێوان پارتی و یەكێتیدا و چاوی لە پارووە چەورەی دەستی توركیایە كە بۆی دانراوە.
ئەم پیلانانە ھەر زوو لە گۆڕنران لە بەر ئەوەی پێکھاتەکان بۆ خۆیان باش دەزانن تەنها بۆ ئەزیەتدانی یەكدیە، چونكە ڕوونە كە یاسای ژمارە 35 ڕێگری دەکات لەپەراوێز خستنی هەر لایەن و پێکهاتەیەک لە حکومەتی خۆجێییدا.
بەپێی ئەم یاسایە لایەنی براوە و زۆرینە ناتوانێت بەتەنها حکومەت پێکبهێنێت، بەڵکو دەبێت پێکهێنانی حکومەتەکە بە تەوافوق و گفتوگۆ و ڕێککەوتن و بەشداری هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکانی شارەکە بێت تابتوانن خزمەتی هەمووان بکرێت، ئەمەش هۆکارە کە تا ئێستا نەتوانراوە حکومەتی خۆجێی پێکبهێنرێت و هەر لایەن و پێکهاتەیەک دەیەوێ زۆرترین پۆستی ئیداری و پارێزگاری شارەکە بەدەستبهێنێت.
ئێستا زانیتان کەرکوک و کەرکوکیەکان چۆن گرفتار بوونە بە دەستی حیزب و دوژمنی دەرەکیەوە.!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت