زەبەنگ بەهادین: ویستی ئازاد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئایا ئێمە پرۆگرام کراوین تا ببینە ئامراز بۆ هێشتنەوەی جیناتمان، یان دروستکراوی خوداین و تەنها بۆ تاقیکردنەوە لێرەین، یان گرنگ نییە لە کوێوە هاتوین گرنگ بیر بکەینەوە فێر بین و بزانین تا بگەینە بەختەوەری؟
لە ڕووی زانست ئێمە بەجۆرێک پرۆگرام کراوین تا بتوانین گوێزەرەوە بین لە هەمو دۆخەکاندا بۆ جینەکانمان، ئەوەی لەسەر ئێمەیە ئەو جیناتانە بدەینە دەست نەوەی داهاتوو، جینەکان گوێ نادەنە ئەوەی ئێمە تەندروست باش بین، یان خراپ. بەختەوەر بین، یان غەمگین. ئازا بین، یان ترسنۆک. راستگۆ بین، یان درۆزن. باش بین، یان خراپ. ئەوەی جینەکانمان دەیانەوێت تەنها بەردەوامی و مانەوەی خۆیانە ئەگەر لە ئێمەشدا نەبێت لە نەوە یەک بە دوای یەکەکاندا.
ئەم جینانە لە بۆشاییدا کار ناکات، بەڵکو بە هۆی ژینگەوە خۆی دەگونجێنێت لەو کات و شوینەی کە بونی هەیە، ئەگەر مرۆڤ پرۆگرام کراو بێت لە لایەن جینەکانەوە، ئایا ئیرادەی ( ویستی ) ئازادی هەیە یان نییەتی؟
لێرەدا لە نێوان زانست و فەلسەفە کێشمەکێشێک دروست دەبێت، لە کاتێکدا فەلسەفە جەخت لە بونی ئیرادە (ویستی ) ئازاد و سەربەستی مرۆڤ دەکاتەوە بە پێچەوانەی پرۆگرامی جینەکانەوە، فەلسەفە بەردەوامی مرۆڤ دەگێرێتەوە بۆ گەیشتن بە دانایی و لەوێشەوە دەستگەیشتن بە بەختەوەری و بڵاوکردنەوەی زانین و چۆنێتی ژیانکردن لە نێو چوارچێوەی گەران بە دوای زانین و فێربوندا، بۆیە ئیرادەی ئازادی تەواو لە دەست مرۆڤ خۆیدایە بۆ ژیانکردن و هەڵبژرادنەکان لە ژیاندا و بریاردان دەگەرێتەوە بۆ ویستی ئازادی مرۆڤ خۆی.
ئاینیش وەک لایەنی سێهەم ئیرادەی مرۆڤ دەخاتە نێوان هەڵبژاردن و سەپاندن ( مخیر و مسیر ) لە لێڵیدا ئیرادەی مرۆڤ دەهێڵێتەوە هەندێک بابەت مرۆڤ خاوەن ئیرادە و بریارە و لە هەندێکیش خواوەند بریاردەرە، گرنگ ئەوەیە مرۆڤ بزانێت لە بەتاڵیدا لێرە نییە، بەڵکو بۆ تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنە لەسەر ئەو یاسا و رێسایانەی خواوەند دایناوە لە رێگەی کتێبە پێرۆزەکان و پەیامبەرەکانی، بەمەش ئیرادەی ئازاد تەنها بۆ کردنی باشە رێگە پێدراوە و دەبێت مرۆڤ زاڵ بێت بەسەر خراپەکاریدا، لە کاتێکدا رێرەوی چاکەو خراپەکان لە کتێبە ئاینیەکاندا دیاری کراوە نەک لە رێگەی زانست یان فەلسەفە، کە بەرای زانست ئەمە خەیاڵە و فەلسەفەش بە زەوتکردنی ئیرادەی ئازادی مرۆڤی دەبینێت.
ئەم سێ ئاراستەیە لە هیچ خاڵێکدا یەک ناگرنەوە، تەنها ئەوە نەبێت کە مرۆڤ دەبێت ژیان بکات یان کۆتای بێنێت بە ژیان. لە هەمو بارەکانی ژیانکردن لە راستیدا فاکت ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە مرۆڤ دەبێت خاوەن بریار و ئیرادە بێت بۆ هەڵبژرادنەکانی و بەردەوامی لە گوزەرکردن، کە بە نەزانراوی بۆی دیاری کرا بێت یان زانراو بێت و پێشتر قسەی لەسەر کرابێت یان لە ئێستادا قسەی لەسەر بکرێت و لێکۆڵینەوە توێژینەوەی لەسەر بکرێت، جا ئەم ئیرادەیە لە ژێر سایەی ئاین بێت، یان زانست یان فەلسەفە. ئەمەش بێ مانای ژیانی مرۆڤ دەگەیەنێت کە بێ ئیرادە بێت کە لە کۆتادا دەستپێک و کۆتای لە لای خۆی نییە تا بریارئ ئازادانە بدات بۆ مانەوە یان نەمان، بۆیە تا ئێستاش مرۆڤ وەک نەزانراو گوزەر دەکات و بە کۆمەڵێک خەیاڵ و پرۆگرام و ئایدیاوە لە سفرەوە دەست پێدەکات تا دەگاتەوە سفر، لەو نێوەندەدا بیردۆز دەدۆزێتەوە بۆ بروا هێنان و بەردەوام بوون لە ژێر سایەی ئیرادەیەکی وەهمی لە بیر و خەیاڵیدا بە ناوی وسیتی ئازاد ( الاردة الحرة ).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت