نەوزاد بەندی: من مناڵەکەم ئۆتیزمە، عەیبدارم!.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵانە ئەبێ مۆڵەتی منداڵی کەمتوانا بۆ خێزانەکەم تازە بکەینەوە. یاسایەکی حوکمەتی هەرێمە، هەر خێزانێک مناڵێکی کەمتوانای تێدا بێ، دایک، یان باوک ئەتوانن یەکێکیان سوود لەو مۆڵەتە ساڵانەیه وەربگرن بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی مناڵە کەمتواناکەیان بکەن.
تازەکردنەوەی ئەم مۆڵەتە ساڵانە کۆمەڵێک ئیشی ئەوێ، ئەچیتە فەرمانگەو پەیوەندی بە کارەکەتەوە ئەکەیتەوە، نووسراوت بۆ ئەکەن بۆ فەرمانگە گشتییەکەت. لە فەرمانگە گشتیەکەتەوە دووبارە نووسراو و ڕاژەکەت بۆ چاپ ئەکەنەوە و ئەتنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی، لەوێوە نووسراو و دوو ڕەسمت لێ وەردەگرن و ئەتنێرن بۆ لیژنە پزیشکییەکان. لیژنە پزیشکییەکان فایلێک بە 500 دینار و وەسڵێکی 1000 دیناریت بۆ ئەبڕن 4 ڕەسمت لێ وەرئەگرن و ئەتنێرن بۆ لای پزیشکەکانی لیژنەی پزیشکیی، ئەوانیش پێت ئەڵێن بڕۆ نیوەڕۆ وەرەوە بۆ ئەنجامەکەی. نیوەڕۆ ئەڕۆیتەوە بۆ ئەنجامەکەی بۆ ئەوەی سبەینێ بەیانی بچیتەوە بۆ بەڕێوەبەڕایەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی، سبەینێ ئەڕۆیتەوە بۆ ئەوێ و کۆمەڵێ ڕەسمی ترت لێ وەردەگرن و نووسراوت بۆ دەکەن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی. ئەچیت بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی، سەر و خوار و ڕاست و چەپت پێ دەکەن بە ژوورەکاندا و دوایی ئەوەی هەناسەت سوار ئەبێ، نووسراوێکت بۆ ئەکەن و پێت ئەڵێن؛ بە دەستی خۆت بیبە بۆ هەولێر بۆ وەزارەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی. ئەچیت بۆ وەزارەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی لە هەولێر، تەماشای مناڵەکەت ئەکەن، هەوڵ ئەدەن پێت بسەلمێنن کە ئەم مناڵە پێویستی بە چاودێریی نییە! به مەرجێ لە ڕاپۆرتی لیژنە پزیشکییەکاندا نووسراوە پلەی کەمتوانایی 100%. ئەگەر بۆت سەلماندن کە پێویستی پێیەتی، ئەوسا ئەتنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکی تر و نووسراوت لێ وەرئەگرن و پێت ئەڵێن: بڕۆ، خۆمان ئاگادارت ئەکەینەوە. ئەڕۆیتەوە بۆ سلێمانی و دوای چەندەها ڕۆژ دێیتەوە بۆ هەولێر و سەردانیان ئەکەیتەوە، چەند ژوورێکت پێ ئەکەن و دواجار پێت ئەڵێن؛ بڕۆرەوە خۆمان بە پۆست ئەینێرین بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەی کە خۆت کاری تێدا ئەکەیت، دوای دە دوانزە ڕۆژ سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەت ئەکەیتەوە، ئەڵێن؛ هێشتا نەهاتۆتەوە. ئیتر ئەیکەیت بە ڕێی کانی و سەردانی ڕۆژانە هەفتانەی بۆ ئەکەیت، هەتا ئەگات و چەند ژوور و چاپ و هاتوو و دەرچووت پێ دەکەن، ئینجا پێت ئەڵێن؛ بڕۆ خۆمان بە پۆست ئەینێرین بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەت کە هەر لە سلێمانییە!. ئێ باشە بۆچی بۆ هەولێریش بە پۆست ناینێرن و ئەبێ خۆم بیبەم؟ ئەی ئەگەر بە پۆست ناینێرن بۆ هەولێر، بۆچی لەنێوان فەرمانگەکانی سلێمانیدا بە پۆست کار ئەکەن؟ ئیتر یاسایه و بڕایەوە، بۆت نییە چەند و چوون بکەیت.
دوای چەند ڕۆژێ ئەچیت بۆ بەڕێوبەرایەتییەکەت، پێت ئەڵێن؛ بڕۆ لە فەرمانگەکەت نووسراوی لێکترازان بێنە بۆمان هەتا نووسراوی کۆتاییت بۆ بکەین، ئەچیت بۆ فەرمانگەکەت، پێت ئەڵێن؛ هەتا لە بەڕێوبەرایەتییەوە نووسراوی مۆڵەتی ساڵانەت بۆ نەکەن، ئێمە ئاماژە بە چ نووسراوێک بکەین لە نووسراوی لێکترازانەکەماندا؟ ئەگەڕێیتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی، ئەڵێن تۆ بڕۆ، خۆمان بە تەلەفۆن تێیان ئەگەیەنین.
ئەڵێیت: بۆ کوێ بڕۆم؟ ئەی نووسراوی کۆتاییم بۆ ناکەیت؟
ئەڵێ بۆ سبەینێ.!
ئیتر باسی هەڵەی چاپ و ئەو شتانە ناکەم کە زۆرجار لە ژووری حەوتەمەوە وەک یاری مار و پەیژە، مارەکە پێتەوە ئەدات، ئەبێ بڕۆیتەوە بۆ ژووری یەکەم بۆ ئەوەی دالێکی هەڵە بکەیت بە عەین، یان دوو خاڵی پیتی یەکەمت بۆ بکوژێننەوە و بۆت بخەنە سەر پیتی سێیەم. تەنانەت جارێکیان کە مامەڵەکەیان دامێ بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، لە دوای چەند ژوورێک جا بۆیان دەرکەوت ئەم مامەڵەیە هی کەسێکی ترە، کە بە ڕاکردن پڕم کرد بە مامەڵەدا و بەرەو بەڕێوبەرایەتیی ڕامئەکرد، چونکە نیو سەعات کاتی دەوام مابوو، سوپاس بۆ خوا هەمان کات نەفەرێکم بینی بە مامەڵەیەکەوە بە ڕاکردن بەرەو لای من ئەهات، ئاماژەی چاومان هەموو شتێکی حەل کرد، چونکە نیو سەعات کاتی دەوام مابوو، نەئەبوو چرکەیەکی بە فیڕۆ بدەین، وەک ڕاکردنی پێنجسەد مەتری بەریدی ئۆڵۆمپیی، لە چرکەیەکدا مامەڵەکانمان ئاڵ و گۆڕ کرد و هەر یەکەمان بە ڕاکردن چووین بە لای ئیشی خۆمانەوە، ئەو مامەڵەی کوڕەکەی منی بە هەڵە پێدرا بوو، منیش هی کوڕەکەی ئەوم پێ درا بوو .
حەزیش ئەکەم لە کۆتایی ئەم باسەدا باسی سێکشنێکی ئەم ووڵاتی دامەزراوەیەتان بۆ بکەم، بۆ نمونە لیژنەی پزیشکیی، هیچ پارکێک بۆ ئوتومبیل لە ئارادا نییە، پۆلیسی هات و چۆیش ئەو ڕاستە شەقامەی بەردەم لیژنەی پزیشکیان بە خۆیان و مۆتا پڕتەقاڵییەکان و هێمای ڕاوەستان قەدەغەیە تەنیوە، نەک ئوتومبیل، تەنانەت چۆلەکەیش ناتوانێ و بۆی نییە بنیشێتەوە، ئیتر مناڵی ئیفلیج و کوێر و کەڕ و هەموو جۆرەکان بە باوەش ئەگەیەنرێنە لیژنەی ئازیز. هەر بۆیە منیش لە دووریی زیاتر لە کیلۆمەترێکەوە ئوتومبیلەکەم پارک کرد و لەگەڵ کوڕە ئۆتیزمەکەم وەک تیر بەرەو لیژنەی پزیشکیی دەرچووین، لە ڕێ بنی کالەی بڕاندی FELA ی کوڕەکەم نیوەی لێ بۆوە و کەوتە تەپڵ و دومبکێلدان، لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا چەپڵەیەک، یان چەقەنەیەکی لێ دەدا. پێش ئەوەی بگەینە لیژنەکە، بە تەواوەتی لێ بۆوە و. کوڕەکەم بنی پێڵاوەکەی هەڵگرتەوە وەک ماسی پانکە وابوو بە دەستیەوە. ووتم بەم ماسییە پانکەیەوە بچینە لای پزیشکەکان ڕەنگە وا بزانن لە ڕاوە ماسییەوە هاتووینەتەوە و کوڕەکە هیچ عەیبی نییە. هەر بۆیە لە حەوشەی لیژنەکە و لە ژێر دارکاژێکا، بنەکەمان بە ئەمانەت دانا، فایلفرۆشەکە ووتی منیش ئاگام لێی ئەبێ.کە چووینە ژووری پزیشکەکان، ئەوە هیچ بە خێرهاتنیان نەکردین، تەنانەت سەیریشیان نەکردین، وەک دوو تاوانبار لە بەرامبەریان دانیشتبووین، دانەیەکیان کە گەنجترینیان بوو، ووتی: کوا دایکی؟
ووتم: دایکی بۆ چییە؟ لە پرسەدایە، خەسووم پێرێ مرد.
هیچیان نەیانووت خۆتان خۆش بن.
سەیر ئەکەم، سەیری یەکتر ئەکەن.!
لە دڵی خۆمدا ووتم با وەزعەکە کەمێ ئارام بکەمەوە، لەو کاتەی یەکێکیان بە تەواویی هێز و تواناوە پێی ووتم: تۆ چۆن وا قسە لەگەڵ مندا ئەکەی؟( دایکی بۆچییە ) یەعنی چی؟
ووتم : خۆم 35 ساڵە لە تاقیگەی نەخۆشخانە کار ئەکەم، بۆ ئەم لیژنەیەیش ساڵانە دایکی لەگەڵ کوڕەکەدا دێت، ئێستا لە پرسەدایە.
ئەوەی ناوەڕاستیان دەم و چاو خڕێک بوو، کە زیاتر سەروپێفرۆشێکی بیر خستمەوە، بە هیچ جۆرێ تەماشایەکیشی نەکردین، واتا 35 ساڵەکەیش دەردی نەخوارد. هەتا دانەیەکیان ووتی من ئەیانناسم، قەیناکا بۆی ئەکەین با بڕوات، ئینجا به چپە لەگەڵ دەموچاو خڕەکەدا هەندێ قسەی کرد کە ناوەکەی بە ( ئۆفـ … ) دەستی پێ ئەکرد لەگەڵ سێ پیتی ترا.
جا چاوی بەرز کردەوە و ووتی: ( بەخێر بێی )، بەڵام ئەوەی کە من نەمزانیبوو بە جوانیی قسەی لەگەڵدا بکەم، پێی ووتم: کوا نوسخەی لیژنەی پزیشکیی پار؟
ووتم: پێم نییە.
ووتی: چی لێ نووسرا بوو؟
ووتم: ئۆتیزم، پلەی کەمتوانایی له سەدا سەد..
بەڵێ ! من عەیبدار بووم، ئاخر کوڕەکەم ئۆتیزمە. ئەبێ هەموو شتێ قبوڵ بکەم، تەنانەت 35 ساڵ خزمەت لە بواری تەندروستیدا دەرد ناخوا.
( سێ پیتەکەیش، پارچەیەکە لەناو کۆمپیوتەر و تابلێت و مۆبایلا، 2 و 4 و8 و 12 یشی هەیە، هەتا زیاتر بێ، پڕۆسێسەری ئامێرەکە خێراتر ئەبێ و نرخەکەیشی گرانتر )

ئێستا ئیتر خۆتان سەرپشکن لەوەی پێ ئەکەنن، یان ئەگرین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت