دکتۆر هەژار مەعروف: کوا تۆزێ بەزەیی و ویژدانی مرۆڤانە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە پێشا من ڕەخنە لە خۆم دەگرم کە، بە ئەندازەی گەورەیی ئەوکارەساتەی ڕۆژەکانی سەرەتای مانگی 8 ی 2014 لە دەڤەری شەنگال بەسەر خوشک و برا ئیزیدیە کانمدا هات، هەڵوێستی هاوسۆزی و هاوئازاری و هاوخەمیی پێویستم نەبوە، توخوا بمبورن ئێزیدیەکان!!
(قاسم شەشۆ) ی ئێزیدی لە ساڵیادی (3ی8ی2014)ی کۆمەڵکوژی و دەسدرێژیی جنسی کردنە سەر چەند هەزار لە کچان و ژنانی ئێزدیدا وتی: هەتا محەمەدی ئیسلام مابێ و هەبێ قڕکردنی ئێزیدیەکان کۆتایی نایەت. بەمە ئاگری سۆشیال میدیای بانگخواز و سەلەفی و ئیسلامی سیاسیی سونیی توندڕەو گڕیگرت: مەلایەک داوای لە قاسم شەشۆ کرد با فریای خۆی بکەوێ و داوای لێبوردن بکات دەنا گوێی دەبڕن، ئەمە خوێن حەڵالکردنی قاسمە! دادگای لێکۆڵینەوەی موسڵ فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکرد. کڵپەی ئاگری ڕق و کینە و نابەخشندەیی دینی و مەزهەبی، وەک ئاگرەکانی خەلیفە ئۆردوگان لە دارستانەکانی باکور و باشور و ڕۆژاوای کوردستان، تەشەنەی سەند و گەیشتە پەرلەمانی عێراق و لەوێ (موسەنا ئەمین) ی ئەندام پەرلەمانی یەکگرتوی ئیسلامی کوژاندیەوە و کردیە ماستاوێکی! ساردی کوردیی خۆش و کردی بە قوڕگی وشکی خوشک و برا عەرەبە موسوڵمانەکان دا و قسەکانی قاسم ی بە تاوان و ڕوداوێکی گەورە وترسناک دانا و داوایکرد داواکاری گشتیی عێراق زو دژی قاسم هەنگاوی یاسایی بنێ، ئینجا تاوانەکانی داعشی گشتاند و لەسەر ئێزیدیەکانی کالكردەوە و وتی؛ داعش دژی (کل البشر)، واتا دژی هەمو مرۆڤایەتی بون. باشە داعشیە کان دەسدرێژیی جنسیان کردە سەر یەک کچ و ژنی موسوڵمانی سونی و شیعیی دوژمنیان؟ بێگومان نەخێر. کاک موسەنا وەک زۆربەی موریدانی تەوژمی باوی ئیسلامی سیاسیی کوردیی سەر بە بێگانە ئەم تاوانە گەورەیە کاڵ و بچوک دەکاتەوە، هەندێکیان بەهانە و بەڵگەی بۆ دێننەوە کە ئەسڵەن هەر تاوان نەبوە، چونکە ئەوانە شەیتان پەرستن و ژنەکانیان کە لە شەڕدا بگیرێن ئیتر بە پێی قورئان حەڵاڵی موسوڵمانە جەنگاوەرەکانە، باشە ئاخر خۆ ئەو ژن و پیاوە ئێزدیانەی گیران و کوژران و کرانە کۆیلەی جنسی و لە بازاڕەکانی ڕەقە و تەلعەفەر و موسڵ دا فرۆشران چەکدار نەبون وئەسڵەن لە مەیدانی شەڕدا نەبون!
(سیدۆ مۆرگان) ی دەرونناس کە بەڕێوەبەری پرۆژەیەکی گەورەی نێونەتەوەیی دەروندروستیی ئێزدیە ڕاکردوەکان بوە لە کەمپەکانی هەولێر و دهۆک لە 2018 و 2019 لە کلیپێکدا دەڵێ: ژنێکی 80ساڵی ئێزدی بۆی گێڕامەوە چۆن بە بەرچاویەوە داعشیەک کوڕەکەی کوشتوە و دەسدرێژیی جنسیی کردۆتە سەر بوکەکەی و چۆن کچێکی 12 ساڵی کوڕەزایان فڕاندوە و لە تەلعەفەر و لە سوریا وەک کۆیلەی جنسی کڕین و فرۆشتنیان پێکردوە و دوای چەند ساڵێک لە یەکێ لە شەڕەکان دا کوژراوە.
دوای کارەساتی شەنگال ی سەر ئێزیدیەکان، لە کلیپێکدا پزیشکێکی کوردی ناوداری بانگخواز قسە بۆ موریدەکانی دەکات و دەڵێت؛ شوکورئێزیدیەکان کوردی باش نازانن و لە ڕەچەڵەکدا کورد نین (دیارە لای ئەم ئەوەی سۆرانی نەبێت کورد نیە و کوردی نازانێت !)، بە گاڵتە و لاقرتیەوە پێیان دەڵێت شەیتان پەرستن ، ئینجا موریدە گوێڕایەڵە مێشک شۆراوەکانی دەدەنە قاقای پێکەنینێکی بەرز ، لە کلیپێکی تردا وا باسیان دەکات وەک باسی گیاندارێکی عەجایبی گڵاوی لە مرۆڤ نزمتری ئەم ڕوی زەمینە بکات!
قاسم شەشۆ و قاسم شەشۆ ئێزدیەکانی تری کوردستان ئاگاداری تەواوی ئەم ڕاوبۆچونە دژە ئێزیدیە دژە مرۆڤایەتییانەن و بەچاوی خۆیان تاوانەکانی داعشیان بینیوە و بیستوە و تێیدا ژیاون، ئاڵا ڕەشە کانی داعش بە (لا الە الا اللە محمد رسول اللە) وە بەسەریاندا شەکاوەتەوە و ئەوان لە ژێر سایەی ئەو ئالایەدا ئەو تاوانە گەورانەیان کردوە. تا ئێستا لە نزیکەی 4500 بێ سەروشوێنی ئێزدیی ژن و پیاو هێشتا پتر لە 2000 یان دیارنین، ماون؟ دیلن؟کوژراون؟ کۆیلەی جنسی و کارەکەرن لە ماڵی ئەمیرەکانیان؟ لە پەرلەمانی کوردستان دا نزیکەی سێیەکی ئەندامەکانی (دیارە ئیسلامیەکان بون) دەنگیان نەدا بۆ بە جینۆساید ناساندنی کوشتاری ئێزیدیەکان.
تا ئێستا من نەمبیستوە یەک حیزب یا ڕێکخراوی ناسیاسیی (خێرخوازی و کۆمەڵایەتی و پزیشکی و..) ئیسلامیی کوردی لە هەر ٤ پارچەی کوردستان دا بە ڕونی و بێ منجەمنجی فەلسەفیی خۆدزەرەوە ئیدانەی داعش و ئەو تاوانە گەورەیەیان بکات و داوای لێبوردن لە ئێزیدیەکان بکات چونکە لە ژێر ئالای ئیسلامدا کراوە!
تا ئێستا نەم بیستوە وەفدێکی ڕەسمیی یەکێتیی زانایانی ئاینیی کوردستان یا زانایەکی ناودار و گەورەی ئیسلامیی کورد سەردانێکی بەڕێز و شکۆ ودڵسۆزانە و ڕاستگۆیانەی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی سەر ئێزیدیەکان بکات!
باشە ئیتر بۆ بەلامانەوە سەیر بێت هەندێ لە کوردانی ئێزیدی لە کاتی نائومێدی و بیرهاتنەوەی ئەو کوشتارە یەک لە دوای یەکەی کوردی سونی بە سەری هێناون، حاشا لە کوردبونی خۆیان بکەن؟
بۆ بژاردنەوەی ڕاکردن و شەڕنەکردنی هێزەکانی زێرەڤانیی ژێر سەرکردایەتیی پارتی و بۆ بژاردنەوەی بەجێهێشتنی ئێزدیە بێگوناه و بێچەکەکان بۆ قەپاڵی تیمساحە دڕندەکانی داعش، بۆ ئاشتکردنەوە و گێڕانەوەی شکۆ و ڕێزی ئینسانی بۆ کوردانی ئێزیدی و بۆ بە ڕەسمی ناساندنی ئەو پتر لە 70 کۆمەڵکوژییەی کورد و تورک و عەرەبی موسوڵمان لە ڕابوردودا بە سەریان هێناون ، هەروەها لە هەموی گرنگتر بۆ ئەوەی ئیتر کەس نەتوانێ جارێکی تر وەک کەمینەیەکی ئاینیی لە ڕەگ و ڕیشەوە کوردی ڕەسەن، دەسدرێژیان بکاتە سەر، دەبو لە مێژەوە پارتی بۆ بە نەمرکردن و بیرهێنانەوەی زوڵمی درێژخایەنی سەر ئێزیدییەکان مۆنۆمێنتێکی مەزن لە چیایەکی دەڤەری ئێزدیەکان هەڵکۆڵێ کە هیچ هێزێکی ئاینی و نائاینی و سروشتی نەتوانێ تێکیبدات و بیسڕێتەوە!
دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان (نادیە موراد) کچە کوردە ئێزیدیە ڕزگاربوەکەی دەستی داعش و تاقانە کوردی هەڵگری خەڵاتی نۆبل، ، ئاشتبکاتەوە و خەڵات و ڕیزلێنانی تایبەتی بۆ بکات.
مرۆڤ، هەر مرۆڤێک! کە داخ و حەسرەت و توڕەیی و ئەو ناداپەروەرییەی لێیکراوە لە دڵ و دەرونیدا پەنگ دەخواتەوە و دەسەڵاتی نیە مافی خۆی بسەنێتەوە و کەسیش نەک هەر بۆی ناسەنێتەوە بەڵکو گاڵتە و لاقرتی و پێکەنینیان دێت بە ئێش و ئازارەکانی ، ئیتر لات سەیرنەبێت لە چرکە و لە شوێنێکی وروژێنەر و هەژێنەردا بتەقێتەوە و مرۆڤ بکوژێت، ماڵ کاول بکات و ئاگری تێبەردا و کفر بکات ، دۆ و دۆشاو تێکەڵ بکات.
ئەوەی قاسم شەشۆ یش وا دیارە شتێکی ئاوا بێت، ئیتر ئەم هستیریایەی بۆ چیە! بە ڕێزان! ئارام ببنەوە و بگەڕێنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشە بنەڕەتی و هەرە گرنگەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆتان و خەڵک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت