عوسمانی حاجی مارف: تیرۆر هاوکاتی زریانێکی جەماوەری.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەبەرامبەر تاوانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا، زریانێکی گەورەی خۆپیشاندەرانی جەماوەری بێوێنە بەتایبەتی لە شاری واشنتن لەبەرامبەر تاوانی گەورەی پاکتاوکردن و ڕژانی خوێنی بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە و منداڵەکانیاندا شەپۆلیدا، ئەو زریانە داوای دەستگیرکردن و دادگایکردنی ناتانیاهۆیان دەکردو بایدنیان ڕیسوا دەکرد بەهاوبەشبونی لەو تاوانەدا. زریانی ئەو خۆپیشاندانە مەزنەی نمایشکرا، بریتی بوو لە بەشداری ئەمریکیەکان بە هەموو گروپ و تەمەنێکەوە، جولەکەکان کە دروشمی”بەناوی ئێمەوە نا” لەسەر کراسەکانیان نووسرابوو، هەروەها کەسانی دیکەی ئایینی کە باوەڕیان بە”ئیسرائیل’ نییە وەک دەوڵەتێک بۆ جولەکەکان، بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەریی کە ئەمریکا لەدوای جەنگی ڤێتنامەوە شاهیدی هاوشێوەکانی نەبووە، داوای “دەستبەجێ ئاگربەست”یان کرد لە کەرتی گەمارۆدراوی غەززە و ڕەخنەیان لە سیاسەتی واشنتۆن گرت کە پشتگیری لە داگیرکاری ئیسرائیل دەکات. لەکاتێکدا ئەم زریانە واقعیەتێکی خەڵکی ناڕازی ئەمریکایە، سەیروسەمەرەیی ئەندامانی کۆنگرێس دەبینین، کەبە دانیشتن و وەستانەوە لە لاپەڕەیەکی گاڵتەجاڕانەی کارەساتەکاندا چەپڵەیان بۆ ناتانیاهۆ لێدا، لەهەمانکاتدا ڕاستەوخۆ دوای سەردانی ناتانیاهۆ بە 2 ڕۆژ، کردەوەی تیرۆری ئیسماعیل هەنیە ڕادەگەیەنرێت، ئەمەش لەکاتێکدایەکە ناتانیاهۆ لەلایەن دادگای دادی نێونەتەوەیەوە، لێکۆڵینەوەی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی دەکرێ لەسەر ئەنجامدانی تاوانیکوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی فەڵەستین لە غەززەدا. هەڵبەتە ئامانجێکی ئەم کارە تیرۆریستیە چڕکردنەوەی زیاتری ململانێی نێوان حکومەتی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیە بۆ گۆشەگیرکردنی ئەو زریانە جەماوەریەو خواستی جیهانی بۆ کۆتایهێنان بە کۆمەڵکوژی لە غەززە و چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین. ئەوە ئاشکرایە کە ئەم کارە تیرۆریستیانە دەتوانێت هەلومەرجەکە دژوارترو ئاڵۆزترکات، چونکە شەڕی تیرۆریستی و ئامانجەکانی بەتەواوی دڕندانەو دژەکۆمەڵگە و کۆنەپەرستانەیە، مایەی نائاسودەیی و نائارامیە و ئاکامەکەی جگە لەخولقاندنی فەزای ترس و وێرانکردنی ژیانی خەڵک هیچی تر نیە. ئەو زریانە جەماوەریەش بانگەوازێک ڕادەگەیەنێت کە دەنگەکانی پشتیوانی لە فەلەستینیەکان بەشێوازێکی فراوانی جەماوەری لە ئەمریکادا گەشەیان کردوە و لەهەمانکاتدا پێشنیاریان کرد کەپێویستە جیهان دان بە مرۆڤایەتی کەسی فەلەستینیدا بنێت تا گەلی فەلەستین، مافی خۆیان لە خاکی فەلەستیندا بەدەست بهێنن. ئەم هاوسۆزیە جەماوەریە بۆ دۆزی فەلەستین لەسەر شەقامی ئەمریکا سەرنجڕاکێشە. ئەم بزوتنەوەیە بۆ پشتیوانی لە مافەکانی خەڵکی فەلەستین، بە نمایشکردنی خۆی وەک زریانێکی گەورە بەرامبەر بایدن و پەنتاگۆن بوو، لەهەمانکاتدا گۆڕینی ڕای گشتی ئەمریکیەکانە لەبەرامبەر دەوڵەتی ئیسرائیلدا. بەوپێیەی ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆپیشاندەرانی جوولەکە بەشداربون لەم زریانەو سەرکردایەتیان دەکرد، ئەو کارە دڕندانەیە ڕەتدەکەنەوە کە قەوارەی داگیرکەرێکی وەک ناتانیاهو بەرامبەر گەلی فەلەستین دەیکات، ئەمەش مانای ئەوەیە کە گۆڕانکاری قووڵ لە ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەگشتی ڕوویانداوە، تەنانەت کردەوە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵات و پۆلیسیش لە هەموو شوێنێکدا سەرکەوتوو نەبون لە بەرگرتن بەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتیەکان. سەرەڕای بونی ئەو زریانی ناڕەزایەتیە جەماوەریەی کەخواست و هەوڵدانی بۆ ئاگربەستی ئەو شەڕە داگیرکاریە و دژ بەتاوانەکانی ناتانیاهۆ بەڕێخستوە، بەڵام ئەمجارە ناتانیاهۆ وەک فرسەتێک ئەوکارە تیرۆریستیەی لەبەرامبەر ئیسماعیل هەنیە و فواد شوکر ئەنجامدا، تا دۆخەکە بخاتە ناو چوارچێوەیەکی ترەوە بۆ ڕانەگرتنی ئەو شەڕەی دەبێت ڕاگیرێت، کە ئێران و حزبولڵاو حەماس لەبەر تێڕامانێکی سەرسوڕهێنەردا ڕاگرت، لەلایەک دەرگای لە بەردەم ئەگەری شەڕێکی کراوەی فراوانی لە ناوچەکەدا بۆکردنەوە، لەلایەکی ترەوە گورزێکی بەهێزە کەئێران، حیزبوڵڵا، یان حەماس ناتوانن وەڵامی نەدەنەوە. هەرچەندە ئەم کارە تیرۆرستیە گورزێکی گەورەیە لە کۆماری ئیسلامی و پێویستی بە پەرچەکردارە لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام پێدەچێت لایەنی ئەمەریکا قورسایی خۆی بخاتەسەر ڕێگریکردن لە شەڕێکی بەرفراوان کە لە ناوچەکەدا ڕوبدات، تابتوانێ زیانەکان لەڕووبەرێکی سنوورداردا بهێڵێتەوە، نەک لێدانی وێرانکەر کە ببێتە هۆی شەڕێکی بەرفراوان و زیان بەپێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بگەیەنێت، بەهەمانشێوە شەڕی فراوان بە قازانجی ئێرانیش نیە، بەڵام کێشەکە لەو ئاستەدایە، کە دۆخەکە بەجۆرێک شڵەقاوە وردبونەوەی ئەگەرەکان و بەرگرتن بەو گێژاوە ئاسان نیەو سەختی نیشان ئەدات. ناتانیاهۆ دوای دیارنەبونی ئاسۆی ئەو شەڕە بە قازانجی حکومەتەکەی، هەوڵدەدات گرێبەستی ئاڵوگۆڕی دیلەکان تێکبدات، هەوڵئەدات کۆتایی بە شەڕەکە بەو شێوەیە بهێنێت کە بە زیانی درێژکردنەوەی تەمەنی حکومەتەکەی نەبێت، چونکە بە لێپرسینەوە لەگەڵیدا، بە تۆمەتی گەندەڵی و شکستی ئەمنی، جۆری مامەڵەی لەبەرامبەر”لافاوی ئەقسا’، هەروەها قەیرانی”چاکسازیی یاسایی” و ناساندنی وەک تاوانباری جەنگ، نادیاری کۆتایی داگیرکاری غەززە، ناتانیاهۆی لە دوڕیانێکی وەها بنبەستدا ڕاگرتوە، مەبەستیەتی شەڕەکە فراوانتربێت و درێژە بکێشێت، تا ئەوکاتەی کە خزمەت بە بەرژەوەندیە سیاسیەکانی دەکات! تا دووریخاتەوە لەوەی کە لە ناوخۆدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. ئەمەش ئاراستەی بیرۆکەیەکە کە لەسەرەتای شەڕەوە لە تەلئەبیب و واشنتۆن دەسوڕێتەوە بۆ بەدەستهێنانی جۆرێک لە سەرکەوتنی ئیسرائیل لە دژی”حەماس”، تا بتوانێت بەشێک لە شکۆی لەدەستچوی خۆی لە “لافاوی ئەلئەقسا”دا وەربگرێتەوە، بەڵام ئەوەی دەیبنین تائێستا ناتانیاهو لەگەڵ ئەوەی سەرکەوتو نەبوە، لەهەمانکاتدا بەردەوام قومارێکی گەورە بە ژیانی خەڵکی دەکات. هەڵبەتە ئەم کارە تیرۆریستیەی ئیسرائیل، بەر بە کۆتایهاتنی جەنگ و ڕێگای چارەسەری سیاسیانەی کێشەی فەڵەستین دەگرێ، کە بۆ ماوەیەکی زیاتر دۆخی ناوچەکە بەرەو ناجێگیری سیاسی و مەترسی ڕودانی جەنگ ڕادەکێشێت و ژیانی ملیۆنەها ئینسان نەك تەنها لە فەڵەستین، بەڵکو لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی مەترسی و ئاوارەیی و کوشتار دەکاتەوە. لەهەمانکاتدا زەمینەیەکی گونجاو بۆ گەشەکردن و بەهێزبوونی ڕەوت و گروپە کۆنەپەرست و ئیسلامی و فاشیست و نەتەوەپەرستەکان دەکاتەوە کە لەسەر حسابی بەرگرتن بە گەشەی بزووتنەوە ئینساندۆستی و ئازادیخواز و گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری خۆیان زیندووڕادەگرن. لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، واشنتۆن پێشبینی بەشداری زیاتری بەشێک لە ووڵاتانی عەرەبی دەکات لە خستنەخوارەوەی هەندێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی، وەک ئەوەی شەوی ١٣ی نیسانی ڕابردوو ڕوویدا. ئەمەش ئامانج لێی خێراترکردنی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی عەرەبی و ئیسرائیلی و ناتۆیە، بە سپۆنسەری ئەمریکا، بۆڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، ئەمەش بە نەرێنی کاریگەری لەسەر پرسی فەڵەستین دەبێت. لەهەمانکاتدا پاراستنی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل لەسەر حسابی پاکتاوکردنی خەڵکی غەززە بۆ خۆی کارەساتە بۆکێشەی فەلەستین و خەڵکی فەلەستین! حکومەتەکەی ناتانیاهۆ نزیکەی ١٠ مانگە کوشتارێکی بەرنامەداڕێژراوی وەک دۆزەخێک بۆ خەڵکی فەلەستین بەڕێخستووە، بەڵام بێئەنجام بووە لە بەدەستهێنانی ئامانجە جەنگیەکانی کە خۆی لە کۆتاییهێنان بە حەماس و گێڕاندنەوەی دیل و بارمتەگیراوەکانی لای حەماس ڕایگەیاندوە. لەڕووی سەربازیشەوە توشی بنبەستێکی گەورە بووە. لەلایەکی ترەوە لەپاڵ ناڕەزایەتیەکی ڕای گشتی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستی جیهانیدا، کەوتۆتەژێر فشارێکی گەورەوە، بۆیە نەتانیاهۆ و حکومەتەکەی لەناو ئەم گێژاوەدا پەل دەکوتێ و هەرچی لەدەست بێت بۆ بەرگری لە سیاسەتەکانی درێغی ناکات. هەوڵئەدات ناوچەکە ڕابکێشێ بۆناو جەنگیكی فراوان،لەهەمانکاتدا ئەمریکاش لەو شەڕە فراوانەوە بئاڵێنێت، تا لەم ڕێگایەوە خۆی لەو دوڕیانە داخراوە سەربازی و سیاسیە بێنێتەدەرەوە. ئەم کارە تیرۆریستیە، شەپۆلێکی نوێی هەڕەشە و پڕوپاگەندەی شەڕی بەڕێخستوە، کە حکومەت و هێزە تیرۆریستیەکانی ناوچەکە ئەنجامی ئەدەن، درێژەی شەڕی کۆنەپەرستانەی تیرۆرستی دەوڵەتی و تیرۆری ئیسلامیە کە گیانی خەڵکی ناوچەکەیان بە بارمتە گرتووە، لەبارەی ئەم تیرۆریزمە دەوڵەتیەوە ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی خاوەنی ئەزمونێکی پێشینەی بەرچاون کە پێویستە سەرکۆنەو ڕیسوا ودادگایی بکرێن. بەڵام بەجیا لە هەر لێکدانەوەو تێگەیشتنێک لە واقعی ئەم شەڕە، سەرکۆنەنەکردنی ئەمکارە تیرۆرستیەی بەرامبەر ئیسماعیل هەنیە کراوەو لێنەپرسینەوەو دادگایینەکردنی ئەو لایانەی ئەم کارەی ئەنجامداوە، مانای وایە ژیانی هەر کەسایەتی و هەڵسوراوێکی سیاسی سەر بە هەر ڕەوت و بۆچونێک بێت، لەهەرشوێنێکی دنیادا بێت، لەبەردەم مەترسی تیرۆرستی دەوڵەتیدا خۆی دەبینێتەوە، وەستانەوەش بەرامبەر بەهەر کارێکی “تیرۆرستی دەوڵەتی” پێویستی بەکەمپینێکی گەورەی جیهانیە. لە درێژەدان بەم دۆخی شەڕەو کارەساتەکانیدا، پێویستە بانگەوازی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکەو دنیا،بەهێزکردن و فراوانکردن و ڕێکخستنی شەپۆلی ئەو زریانە ناڕەزایەتیە جەماوەریانە بێت لە ئاستی ناوچەکەو جیهاندا، کە هەوڵبدات دەستبەجێ ئەو داگیرکاریەی ئیسرائیل لەبەرامبەرخەڵکی فەلەستین ڕاگرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت