ڕەووف محەمە دئالانی: دەستلەکارکێشانەوە، وەک وانە و پەند.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەست لەکارکێشانەوە بەمانای دەستبەرداربوون و وازهێنان لە پۆست، یان کارێک کە مرۆڤ پێگەی خۆی تیا بینیبێتەوە و جێدەستی خۆی تیا دەرخستبێت. دوو هۆکاردەبنە ئەنجامدانی دەستلەکارکێشانەوە، ئەوانیش ئەمانەن: 1-کەسێک خۆی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوە لەکارێک، یان پۆستێک بدات، جا لەبەر ڕایی نەبوون و بەدەست نەگەیشتنی ئاکامێک، یان دروستکردنی بەربەست لەلایەن کەسان و لایەنیتر، ئەویش ناچار دەکرێت دەستبەرداری پۆست و شوێنەکەی ببێت. 2- وەرگرتنی هەڵوێست لەسەر ئەوەی هەست بە دەستخستنە ناوکار و ئیشەکانی و سنوور بەزاندن بە یاسا شکینی، ئەوەش لە بەر بەرژەوەندی کەسی و گروپێک ئەوە ڕوودەدات. لە هەرێمی کوردستان، لەدوای راپەڕینەکەوە و دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆماڵی، کەمترین بەرپرس دەستیان لە کار و پۆستەکانیان کێشاوەتەوە و بەرداوە، ئەوەی لە کاتێکی هەستیار دەستی لە کارکێشایەوە، شاعیری مەزن (شێرکۆ بێکەس)بوو کە وازی لە پۆستی وەزیری ڕۆشنبیبی هێنا لە بەر ئەوەی دەست خرایە کارو باری وەزارەتەکەی و وەڵامی ئەو بەهەڵوێست وەرگرتن و دەستی لەپۆستی وەزیری ڕۆشنبیری هەڵگرت، لەو کاتەدا ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە دەنگدانەوەی نەبوو، ئەویش بەهۆکاری کەمی میدیا و بەربڵاونەبوونی سۆشیالمیدیا، ئەو میدیایانەی هەبوون تەنها میدیای حیزبی بوون، ئەوەش دەزانین کە میدیای حیزبی لە ئامانج و ستراتیژی بەرژەوەندی خۆی کاردەکات. هەرئەوەشە ئامانجەکان نزم و کەم بایەخن لایان، چونکە لەبەرژەوەندی گشتی کار ناکات، بگرە زۆرجار بەڕەوتی پێچەوانەوە دژی ئامانجە گەورەکەیە کە خەڵکە. لە دوای دەستلەکارکێسانەوەکەی (شێرکۆ بێکەس) چەند کەسێکی کەم دەستبەرداری پۆست بوون، کەمترین دەنگدانەوەی هەبوە، بەڵام لەم دواییانەدا بە هۆی زۆری میدیا و بەربڵاوی تۆڕەکان، ئەو دەستلەکارکێشانەوانە، دەنگدانەوەی زۆریان هەبووە، وەک دەست بەرداربوونی(زانا عەبدول ڕەحمان) لە پۆستی قایمقامی قەزای پێنجوێن و دەست لەکارکێشانەوەکەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە 20. 8. 2024 کە ئەتوانم بڵێم؛ کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئێستاش تا نوسینی ئەم وتارە بەردەوامە. لە مێژووی جیهانیشدا زۆر کەسایەتی وازیان لە پۆستەکانیان هێناوە، تا ئێستاش باسدەکرێن و بە نمونە دەهێنرێنەوە، بە باشی دەزانم چەند نمونەیەک باس بکەم: 1- ریچارد نیکسۆن – سەرۆکی ئەمریکا کە لە ساڵی 1974 دەستی لە پۆستەکەی بەردا بەهۆی سکاندالی واتەرگەیت. 2- فیدێل کاسترۆ – سەرۆکی کوبا کە لە ساڵی 2008 دەستی لە دەسەڵات بەردا بەهۆی خراپی باری تەندروستی. 3- بۆریس یەڵتسن – سەرۆکی ڕوسیا کە لە ساڵی 1999 دەستی لە پۆستەکەی بەردا. 4- رۆبێرت موگابی – سەرۆکی زیمبابوی کە لە ساڵی 2017 دەستی لە پۆستەکەی بەردا دوای کودەتایەکی سەربازی. 5- حوسنی موبارەک، سەرۆکی میسر کە لە ساڵی 2011 دەستی لە پۆستەکەی بەردا دوای خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبی. هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوە جیاوازن، وەک (گوشاری سیاسی و ناڕەزایەتی گشتی و کێشەی تەندروستی و دەست وەردان و سنوور بەزاندن و پاوانخوازی، …..) ئەوەی لای من گرنگ و جیی بایەخە ئەم دەست لەکارکێشانەوەیەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیە کە لەسەر کەیسێکی گرنگ ئەو کارەی کردوە، کە کەیسی موڵكی گشتیە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە بزوتنەوەکەی ئەو کە بۆ دژایەتی گەندەڵی دروست بووە، دەکرێ ئەم دەرفەتە لەدەست نەدات و بازنەی دژایەتی کردنی گەندەڵی و پاوانخوازی بێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆی سیاسی وبیکاتە خاڵی وەرچەرخانی هەنگاونان بۆ سنووردانان بۆ پاوانخوازان، بە فشارخستنە سەر لایەن و حیزبەکانی ناو حکومەت، ئەگەر وەڵامیان نەرێنی بوو، گوێ بە ووتەی هەندێ کەس نەدات گوایە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنە، هەنگاوی دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵی وەزیر و پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی و ڕاوێژکارەکانی ڕابگەیەنێت، ئەمکارە ئەو پەڕی هەڵوێستی ئەرێنی و گونجاوە، لەم دۆخە سەختەی چاوچنۆکان و تەماعکاران کە خەریکی لووشدان و وێرانکردنی نیشتمانن. لەم بارەوە (مارک توین) وتوێتی( بەجێهێشتنی دەسەڵات و پۆست کاتێک دەزانیت کاتەکەی هاتووە، ئەوە نیشانەی ژیریە). من لە بزوتنەوەی گۆڕان دەپرسم کە بەڕێوەبەری گشتی دەست لە کارکێشاوەی پەروەردەی سلێمانی سەر بەو بزوتنەوەیەیە، ئایا ئێوە هەر سوورن لەسەر گۆڕانکاری و بەدیهێنانی دادوەری یان نا ؟ ئەگەر بەڵێیە ئەوە کرداری ئەوێ، فەرموون ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن، چۆن پشتیوانی بەڕێوەبەری گشتیتان کرد، ئاواش دەست بکەن بە فشارەکانتان، لە بەر بەرژەوەندی گشتی. وتەیەکی (نێڵسۆن ماندێلا) دەکەمە کۆتایی ووتارەکەم، کەوتوێتی: ( دەستبەرداربوون لە دەسەڵات گرنگترە لە دەستگرتن بەدەسەڵاتەوە).

 
ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت