زاهیر باهیر: ئایە ئاگربەستی لە نێوانی حەماس و ئیسرائیلدا ڕوودەدات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە پرسیارێکە کە زۆر زەحمەتە بتوانرێت وەڵامی لە سەدا سەدی بدرێتەوە، بەڵام دەکرێت لە چەند ئەگەر و چاوەڕوانکردنێك و چەند مەرجێکدا بەیەکەوە گرێ بدرێنەوە. ئەوەندەی کە ئێستا بارودۆخەکە و مەرجەکانی هەردوو لا دەبینم لام زەحمەتە کە باوەڕ بکەم ئەو ئاشتەوایە دەکرێت، مەگەر ئەمریکا دوا قسەی بکات و بڵێت؛ بە هیچ جۆرێك هاوکاری و پشتگیری ئیسرائیل ناکەین تا ئەو کاتەی نێتەنیاهو بڕیاری تەواوی شەر وەستان دەدات، یاخود تا ئەو کاتە کە ئەو سەرۆکی حکومەتی ئیسرائیل بێت” پێش ئەوەی بێمە سەر خاڵە گرنگەکان، دەبێت ئەوە ببڵێم کە هەر یەك لە نێتەنیاهو و حکومەتەکەی و حەماسیش لە گەورەترین قەیراندان، هەردولاشیان لە بەردەوامیدان بە جەنگەکە و هیلاکن و لەژێر فشاری زۆر گەورەدان.

ئیسرائیل: بەم دواییانە نێتەنیاهو 3 مەرجی نوێی بۆ دانوستاند لەگەل حەماس و وەستانی شەڕەکە دناوە: یەك/ هێزی ئیسرائیلی بە تەواوی لە غەزە ناکشێتەوە ، بەشێكیان لەسەر سنوری غەزە و میسر دەمێنیتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەرگیز حەماس نەتوانێت لەوێوە پەلاماری ئیسرائیل بدات. دوو/ بەردانی بەندییە فەلەستینییەکان دەبێت ڕاپرسی لەسەر بکرێت. ئەوانەشیان کە بەندی ئەبەدین، کە بەرەڵا دەکرێن دەبێت لە وڵاتێکی دیکە بژین و هەرگیز پێ نەخەنەوە ناو فەلەستین. سێ/ یەحیا سینوار وەکو سەرکردەی سەرەکی حەماس و بەرپرس و پلاندانەری ڕووداوەکەی 7ی ئۆکتۆبەری پارەکەیە بکوژرێت یا بەدیل بگیرێت. ئەمەش تەنانەت گەر بۆ ئیسرائیل بچێتە سەر هەر زۆر زەحمەتە چونکە یەحیا سینوا، بە دیلە ئیسرائیلییەکان دەورە دراوە، وەکو قەڵغان بۆی و نزیکبوونەوەی سوپای ئیسرائیلی لە پەناگاکەی سینوار ئەو کاتە هەموویان پشتوێنێ تەقینەوەیان لێدەبەسرێت و کە هێڕش دەکرێتە سەر سینوار دەبێت ئەوان هەموویان بکوژرێن. کەواتە ئەمە زەحمەتترین و خۆکوژترین هەوڵی ئیسرائیل دەبێت بۆ ئەو کارە. ئەمە جگە لەوەی ئەگەر دیلەکان بەو شێوەیەش نەکوژرێن رەنگە دوای کوشتنی سەرکردەی حەماس هەموویان بکوژن.

حەماس مەرجەکانی حەماس بۆ شەڕ ڕاگرتن یەک/ دەرچونی سوپای ئیسرائیلییە لە هەموو غەزە و کۆتاییهێنانی بە شەڕ لە داهاتووشدا. دوو/ بەردانی چەند هەزارێک لە فەلەستینیەکان ئەگەر هەمووشیان نەبێت. سێ/ چاککردنەوە و بیناکردنەوەی غەزە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی کۆنی خۆیان و قەرەبووکردنەوەیان . ئەگەر تەماشای مەرجەکانی حەماس بکەیت لە ڕاستیدا هیچ نین خاڵی یەك و خاڵی سێ ئەگەر حەماس لە 07/10 دا ئەوەی نەکردایە ئەمە ڕوی نەدەدا. خاڵی دووی مەرجەکان ئەوە کردمان ئیسرائیل هەموو بەندییە فەلەستینییەکانی بەردا، ئایا کوژرانی لە سەر و 40 هەزار کەسەوە و 10 هەزاری تر کە لەژێر خۆڵ و خاشاکدان و دەرنەهێنراون و 174 هەزار بریندار و پەککەوتە و ملیۆنێك زیاتر ئاوارە و تێچونی 50 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدان کردنەوەی غەزە کە نزیکەی 30 ساڵ دەکێشێت و لابردنی لەوح و تەنەکە و پاشماوەی فیشەک و گولەتۆپ و ساروخ کە لانی کەم 15 ساڵی دەوێت … ئایا بەردانی ئەو بەندییە فەلەستینییانە ئەمەی دەهێنا؟

خاڵی هاوبەشی ئیسرائیل و حەماس یەك/ هەردوو لا دەیانەوێت بە ڕسوری و بە براوەیی لەم جەنگە دەرچن، کە هیچیان دەرناچن . نێتەنیاهو دوای وەستانی جەنگەکە لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە سەر دروست دەکرێت کە چۆن حەماس توانی بێتە ناو خاكی ئیسرائیلەوە ئەوە بکات کە کردی. هەروەها دادگاییکردنی لەسەر شەڕەکە و بە کوشتدانی ئەو هەموو سەربازە ئیسرائیلییە و کوشتارەکانی غەرە بۆ بەردەوامدان بەشەرەکە تەنها لە پیناوی پارستنی کەوڵەکەی خۆیدا. سەرەڕای زیندووکردنەوەی کەیسە گەندەڵییەکەی کە لە سەرێتی لە بەرتیل وەرگرتن و خەڵات و وەرگرتنی شتی زۆر بەها دار. هاوکاتیش حەماسیش لەم جەنگەدا دۆراوە، گەرچی دۆڕاوی سەرەکی خودی نەگبەت غەزەیەکانن کە لانی کەم دوو سێ نەوەیە خۆشییان لە ژیان نەبینیەوە. زیاتر لە 15 هەزار چەکداریان کوژراوە ، غەزە ئاوای لێهاتوە کە دەیبینین، سەرکردەی سەرەکییان و چەند کەسی کارامە و چالاکیان کوژران لە پاڵ کوژرانی زۆرێکی چەکدارانی حیزبوڵا و بە تایبەتی کەسی دووەهەمی نێو حیزبەکە. ئەمە جگە لەوەی کە پێدەچێت پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییان لاواز بوبێت و تا ئەو ڕادەیەی کە هەرگیز وەکو هێزێکی باڵادەست لە غەزەدا هەڵنەبژێرێنەوە. دوو/ بەشێکی نەکردنی سازش لە لایەن حەماسەوە چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە ئێران و حیزبوڵا هێڕش بکەنە سەر ئیسرائیل. هەرەها ئێرانیش شەڕەکە ناکات چونکە چاوەڕوانی سەرەنجامی دانوستاندنی نێوانی هەردوو لا دەکات تاکو هێلکەکە لە سەری ئەمدا نەشکێت. ئیسرائیلیش لە لایەکەوە بە ناراستەوخۆ و لە ڕێگای وڵاتانی دیکەوە دەیەوێت ئێران دەستبەرداری بڕیاری هێرشکردنەکەی بۆ سەر ئیسرائیل ببێت. هاوکاتیش دەیەوێت هەرچۆن هەیە بگاتە مانگی نۆڤەمبەر کە هەڵبژاردنی نوێی حکومەت و سەرۆکی ئەمەریکایە کە ئەگەر ترامپ بێتە سەر حوکم ئەوە دۆست و هاوپشتی تەواوی نێتەنیاهو دەبیت، ڕەنگە ئەوەی کە پێویست بێت و خواستی نێتەنیاهو بێت بۆی بکات. بەهەرحاڵ بارودۆخەکە زۆر ئاڵۆزە و کەس نازانێت بەرەو کوێ دەروات و چیش لە پشتی پەردەوەیە، بەڵام دەبێت هەموان بەهیوای ئەوە بین کە شەڕی نێوانی ئیسرائیل و حەماس ڕوونەدات کە ڕەنگە کوردستان ببێتە چەق و مەیدانی شەڕەکە و هیچی بەسەر هیچەوە نەمێنیت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت