سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر لەکۆنەوە وتراوە، پارە هۆکارە نەک ئامانج. پارە، ئامڕازێکی گرنگ و ستراتیژی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگایە، بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەمان. بابەتی پارە و بێ پارەیی، لەهەرە گرنگترین کێشەو نەهامەتییەکانی ئێستای خەڵکە، هەوڵ و ماندووبوون و ئیشوکاری ڕۆژانەمان هەر بۆ پارەیە، بۆئەوەی بەهۆی پارەوە، خۆش بخۆین، خۆش بژین و.. هتد. کێ دەڵێت؛ پارە خۆشبەختی ناهێنێت؟ با پارەکانی ببەخشێت بەکەسانی بێ پارە. واقیع ئەوەی سەلماندووە، پارە سەرچاوەی سەرەکی خۆشبەختی و دڵخۆشی کەسەکانە، بەبوونی پارە، نزیکەی 90% کێشەو ئاریشەکانمان چارەسەر دەبێت، ئەو 10% با هەر چارەسەر نەبێت. بێ پارەیی، دەردێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و دەروونی و تەنانەت سیاسیشە! بەهەبوونی پارە، ئابورییەکی بەهێزو تۆکمەت دەبێت، دەتوانیت پێداویستییەکانت باشتر و ئاسانتر بەدەستبهێنیت، بەپارە ژیانی باشتر و خوێندنی باشتر و هەموو شتەباشەکانی تر، بەدەستدێت و… هتد. بەبوونی پارە، باری کۆمەڵایەتی، بەرزتر و باڵاترمان دەبێت، نمونەی پارەدارەکانی ناو کۆمەڵگا بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرایە. بە هەبوونی پارە، باری دەروونی تاک و خێزان و کۆمەڵگا بەگشتی، لەوپەڕی باشیدایە. کۆمەڵگایەکی خاوەن پارە، کێشەی کەمترە و بارودۆخی سیاسیشی سەقامگیرترە. پێمان وایە، بوونی پارە، لەلایەنی ئایینیشەوە گرنگە، بەپارە دەتوانرێت خێروچاکە بکەیت، بەشێک لەڕەزامەندی خوای گەورە، بەدەستبهێنیت. کەواتە پارە، دەرمانی زۆربەی دەردەکانە، تۆ بیهێنە بەرچاوی خۆت، خێزانێک نەخۆشێکی شێرپەنجەیان هەیە، ڕاستە قورسە، بەڵام بەبوونی پارە چارەسەری ئەگەر هەبێت ئاسانترە، باشترە، بێ خەمترە.. باوک و دایکێکی فەرمانبەر، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە، بێ پارەن، ناتوانن پێداویستییەکانی ڕۆژانەی ماڵ و مناڵەکانیان دابین بکەن، چ هەستێکی ناخۆشە؟! بەڵێ، پارە خۆشبەختی دەهێنێت بۆ خۆت، بۆ ماڵ و مناڵ، بۆ هەموو کۆمەڵگا بەگشتی. خۆشبەختی، هۆکاری زۆری هەیە، بەڵام لەگرنگترین هۆکارەکان، پارەیە. لێکۆڵینەوەکان، ئەوەیان سەلماندووە، پەیوەندییەکی پتەو و گەورە و ڕاستەوانە هەیە لەنێوان پارە و خۆشبەختی. لەم قەیرانەدا، بەراوردی دوو خێزان بکە، هەردوولا، پشت بەمووچە دەبەستن، لەئێستادا مووچە دواکەوتووە، خێزانێکیان پارەیان پاشەکەوتکردووە چ لەبانک بێت یان ماڵەوە، خێزانەکەی تر، هیچ پارەیان نەماوە ونی یە، خێزانی دووەم نوقمی خەم وخەفەتی بێ پارەین و ناتوانن تەنانەت پێداویستی ڕۆژانەیان دابین بکەن، دەبێت لەچ ئاستێکی خۆشبەختیدا بن بەبەراورد بە خێزانی یەکەم؟! کەواتە بەڵێ؛ نەک پارەی کاش، بوونی پارەی پاشەکەوتکراو، هۆکارێکی گرنگی خۆشبەختی یە.

* ئابووریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت