عەبدوڵا کەریم مەحمود: زنجیری دەبابەکان – بەشی دووەم و کۆتایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هێزێک بە سەرپەرشتی عادل شوکر لە کانی بەردەکانی غەرە رووبەی مجاهیدەکان بوونەوە، چەند پێشمەرگەیەک لەوێ شەهید کران، پێشمەرگانی تر دەیانویست خۆیان بگەیەننە کانی بەردەکانی غەرە، زۆربەیان شەهید کران.

دەرگای سێ قفڵ داود سەرکەلی و سەلام شووشە و سیروان عەلی گوڵچین و چەند پێشمەرگەیەک لە ناو دەواجنەکەدا بوون، پارچەیەک تۆپ دای لە داود سەرکەلی و بریندار کرا، داود بە دەم ئازارەوە تەتلایەوە، لەوکاتەدا کچێکی مجاهیدینی بینی بە دەمانچەکەی دوو فیشەکی نا بە قاچی جەلال حەسەن کاکی، داود لە بەرسوێی ئازاری برینەکەی قاجی هۆشی لەدەستدا، کاتێ بە ئاگا هاتەوە سەعات 1 و 30 ی دوای نیوەڕۆیە، بە دەست و قاچ بەستراوی فڕێ درابوە ژوورێکەوە، ناو بە ناو دیلی تریان فڕێ دەدایە ئەو ژوورەوە، داود بۆ ماوەی (16) رۆژ بە برینداری لەو ژوورەدا بوو، بێ ئەوەی هیچ تەداوییەکی برینەکەی بکەن، لەکاتی کردنەوەی دەرگاکەدا زانیان ژوورەکەیان سێ دەرگای تێدایەو بە سێ قفڵ دادەخرێ.

لەوێ رەچاوی هیچ بەهایەکی مرۆڤ نەدەکرا سەعات 8ی شەو مجاهیدەکان دەرگاکەیان کردەوە، هەردوو چاو و هەردوو دەستی داود سەرکەلییان بەست، بردیانە ژوورێکی بچوکی ئینفرادی، هەموو پاسەوانەکان لە کاتی گۆڕینی سەرەدا، بە شەق و زلە داودیان دادەگرتەوە، ناوبەناو وێنەی مجاهیدە کوژراوەکانیان نیشان دەداو پێ یان دەوت: ئێوە لە کفری و سەرجادەکە، ئەمانەتان شەهید کردووە. موجاهیدەکان لێی توڕە دەبوون و ئازاری جەستەیی و دەروونی داودیان دەدا، بۆ ئەوەی پێیان بڵێت: بەڵێ من پێشمەرگەم. داود هیچ نهێنیەکی نەدرکاند، رۆژ بە رۆژ برینەکانی داود ئیلتیهابی زیاتری دەکرد و باری تەندروستی بەرەو خراپی دەچوو، 32رۆژی تر لەو ژوورە ئینفرادییەدا مایەوە، وازیان لێ هێناو هیچیان لێ نەپرسی بۆ ئەوەی لە دوودڵی و گومان و چاوەڕوانیدا لە رووی دەروونییەوە ئیرادەی تێک بشکێن و بیڕوخێنن. مجاهیدەکان لە زیندانەکاندا هیچ جیاوازییەکیان لە نێوان ژن و پیاو و منداڵ و هاوڵاتیدا نەدەکرد، هەر کوردێکیان دەسگیر بکردایە بە تاوانباریان دادەنا، زۆر لە کەس و کاری پێشمەرگە، هاتبوون بۆ هەواڵ پرسین و سەردانی کوڕو براکانیان، موجاهیدەکان هەمویان دەستگیر دەکردو کۆمەڵ کوژیان دەکردن.

خەڵکی سەرکەلم 57کەسی سەرکەلەکەم ئەنفالە شەوێک مجاهیدەکان داود سەرکەلییان بە دەست و چاوبەستراوی لە ژوورە ئینفرادییەکەی دەرهێناو، ئەو گوێی لە دەنگی سەگ وەڕ بوو، سواری ئوتۆمۆبیلێکیان کرد و گواستیانەوە بۆ شوێنێکی چۆڵەوانی، میللی کڵاشینکۆفیان لێ هێنایەوە، پێ یان وت: وەسێت بکە ئێستا گولە بارانت دەکەین، لە بەر ئەوەی تا ئێستا هیچ زانیاری و نهێنیەکت پێ نەوتوین. داود وتی: ئێوە خەڵکی ئێرانن ج هەقێکتان بەسەر منەوە هەیە. داودیان خستە ئوتۆمۆبێلێکەوە و گواستیانەوە بۆ ژوورێکی تر. دوای تاوێک لێپرسراوێکی تریان، رووی کردە ژوورەکەی داودو پێ وت: فارسی دەزانیت؟ – نەخێر. لەو کاتەدا وەرگێڕیکیان هێنایە ژوورەکەوە ووتی: تۆ چ کارێک دەکەیت؟ – شۆفیر وتی: نەخێر درۆ دەکەیت. – ئەوە مۆڵەتی شۆفێریەکەم وسەنەوی ئۆتۆمۆبیلەکەم. وتی: تۆ پێشمەرگەیت. هێچ بوارێکیان بە داود نەدا، وەڵامی بداتەوە. لەو کاتەدا دوو ئامر سریەی جاشی فەوجی 35یان هێنایە ژوورەوەو روویان کردە داودو پێیان وت: ئێمە تۆ دەناسین تۆ پێشمەرگەی یەکێتیت. داود، هیج وەڵامێکی پێ نەبوو، لەگەڵ بی دەنگی ژوورەکەدا، زیاتر مات بوو. دوای چەند رۆژێک، جارێکی تر سەباحی باخترانی لێپرسراوی موجاهیدەکان رووی کردە ژوورەکەی داود وتی: شما داود هستی، واتە تۆ داودیت؟. – بەڵی. وتی: تۆ سەر بە خومەینی نیت، چۆن لە زمانی فارسی حاڵی دەبیت؟ – ئەی ئێوە چۆن بە خۆتان دەڵێن لەشکری ئازادی بەخش، ئێوە بە برینداری هەمووجۆرە ئەشکەنجەیەکی توندم دەدەن. وتی: پێمان بڵێ لە گەڵ کێیت و لەکوێوە هاتویت بۆ شەڕ، سەر بە چ گروپێکی؟ – من بە ئێوەم وت: سەر بەهیچ حیزبێکی سیاسیی نیم، وەک هاوڵاتیەک لە گەڵ جەماوەردا، بەشداری راپەڕینمان کردووە. – ئێوە بۆچی، راپەڕین؟ – لە بەر زوڵم و زۆداری سەدام، هەموو گوندەکانی خاپوورکردین، هەمووکەسوکارو خەڵکی گوندەکانی ئەنفال و بێ سەرەوشوین کرد، من خەڵکی گوندی سەرکەلم. 57 کەسی گوندەکەمان بێ سەروشوێن کراوە. – ئێستا لەم قسانەدا ،بۆم دەرکەوت تۆسەر بە گروپێکی سیاسیت، بۆ راستیەکانمان لێ دەشاریتەوە، ئەمە ئار بی جی یەکەی تۆیە؟ شەڕت دژی ئێمە پێ کردوە. ئەو رستەی راست بوو، ئەوە ئاربی جی یەکەی داود بوو، ئەوان لە دوورەوە بە دوربین داودیان بە ئاربی جی یەکەوە بینی بوو، لە کاتی برینداربونیدا، ئاربی جی یەکەی لە تەنیشت کەوتبوو . دواجار سەباحی باختران وتی: راستیەکان بڵێ.! – من هەموو راستیەکانم وەک خۆی لە یەکەم رۆژەوە پێ وتوون. – بی ترس هەر پرسیاێکت هەیە بیڵێ. – ئێوە تەسلیم بە حکومەتی عیراق و سەدامم ناکەنەوە؟. – نەخێر دوای ئەوە داودیان برد بۆ ژوورێک، سێ کەسی تری تیابوو (فایەق بەردە سووری و عەلی باقری خەڵکی قوم بوو، عەلی ئەکبەر تەوەکەلی لەسەر بچوکترین جوڵەو چپەیەک ئیهانە دەکران. دواد سەرکەلی لە ماوەی 5 مانگ و 8 رۆژ نەیدەزانی لە کوێ یە، سێ جار بە دەست و چاوبەستراوی گوێزرایەوە بۆ سێ شوێنی جیاواز، لەو ماوە زۆرەدا تەداوی برینەکەی نەکرا. لە 17. 8. 1991 داودیان بە دەست و چاوبەستراوی بردە ئەو شوێنەی کە بەیەکەمجار بە برینداری دەسگیریان کردبوو، لەوی ئازادیان کرد.

سەڕچاوە/ عەبدوڵلا کەریم مەحمود، دیدارێک لە گەڵ داود سەرکەلی لە کەلار

وێنەی یەکەم: عادل شوکر وێنەی دووەم: داود سەرکەلی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت