نەوزادی موھەندیس: ھەرێمی کوردستان و عێراق، دۆست یان نەیار؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ولایەتی موێڵی کۆن و تا ڕادەیەک ھەرێمی کوردستانی ئێستا لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لەساڵی 1920دا لەسەر دەستی دەوڵەتی داگیرکەری ئەوکاتەی بەریتانیایی مەزن،ھیچ کات بە ویست و ئیڕادەی دانیشتوانەکەی نەخراونەتە سەر ئەو دەوڵەتە و تەنانەت زۆرینەش لە ئاھەنگی تاج لەسەرنانی یەکەم پاشای عێراق فەیسەڵی یەکەمیشدا بەشداریان نەکردوە و لە یەکەمین ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی دامەزرێنەر(پەڕلەمان) لەساڵی 1924 یشدا زۆرینە بەشداریان نەکردوە. تا ئەو کاتەی ڕێکەوتنی سێ قۆڵی دەوڵەتانی عێراق و بەریتانیا و تورکیا لە 6. 5. 1926 دا لە ئەنقەرە واژۆکرا کە ناسراوە بە (ڕێکەوتنامەی سنوور ) تایبەت ولایەتی موێڵ کە بخرێتە سەر دەوڵەتە تازەکەی عێراق بە پێدانی ئیمتیازی نەوت بە کۆمپانیای نەوتی تورکی بۆ ماوەی 75 ساڵ، ئیدی لەو کاتەوە تا ئێستا بۆ ماوەی نزیکەی 100 ساڵی تەواوە ئەم ھەرێمی کوردستانە ھەمیشە لە شۆڕش و بەرخۆدان و ناڕەزایەتیدا بوە بەرامبەر حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی عێراق بە پاشایەتی و کۆماریەوەو تاساڵی 1991 کە ھەلێکی گونجاوی گەورە ڕەخسا و توانی ڕووبەرێکی گەورەی ھەرێمەکەی ڕزگاربکات و دواتریش لەساڵی 2003دا بەیەکجاری ڕژێمی بەعسی ێدامی بڕوخێنرێت و کورد لەباشوری کوردستاندا ھەرێمێکی فیدڕاڵی بۆخۆی پێکەوەبنێت و لەدەستوری ھەمیشەی عێراقیشدا لەساڵی 2005 دا بیچەسپێنێت و ببێتە خاوەنی پەڕلەمان و حکومەت و ھەموو ئۆرگانەکانی حوکمڕانی لەم ھەرێمەدا،کە بەھەق لە مێژووی خەباتی کوردایەتیدا بێ وێنەیە لەسەر ئاستی ھەر چوار پارچەکەی کوردستانی گەورە و بۆماوەی زیاد لە 33 ساڵ بەردەوامی ھەیە بەھەموو کەموکوڕی و ئاڵنگاریەکانی کە ڕووبەڕووی بۆتەوە. ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدا وەک لە دێباجەی دەستورەکەدا ھاتووە لەسەر بنەکامای سیستەمێکی حوکمڕانی دیموکراسی و پەڕلەمانی و فیدڕاڵی و تەوافوقی سیاسی بەویست و ئیراِدەی زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە عێراقدا ماوەتەوە و بەپێی دەستوریش ھەرێمێکی دەستوری و یاساییەوە و دەسەڵاتەکانی دیاریکراوە لەھەموو بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ماف و ئەرکەکانی ڕوونکراوەتەوە. بۆیە ھەرێم و دەوڵەتی ناوەندی بەغداد ئەرکیانە کە لەچوارچێوەی ئەو دەستورەدا مامەڵە بەیەکەوە بکەن و ماف و شایستە سیاسی و ئابوری و داراییەکانی لەنێوان خۆیاندا ڕێکبخەن و ڕێگەنەدەن کە درزو و کەلێنی گەورە بکەوێتە نێوانیانەوە بە ھاندان و دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەکە بەتایبەتی، چونکە چەندە ھەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە تەبا و ھاوئاھەنگ و ھەمئاھەنگ بن بەوھێندەش پتەو و بەھێز و خۆڕاگر دەبن لەبەرامبەر ھەموو ھێرش و پەلاماردان و گوشار و فشارە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و وزەییەکاندا. جا لەسەر ئەو بنەمای کاری ھاوبەش و لێکتێگەیشتنە دەستورییە ھەرێم و بەغداد ئەرکیانە لەم قۆناغە ھەستیار و ناسک و پڕ ئاڵنگاری و گۆڕانکاریەی دونیاو ناوچەکە حەکیمانە وەک دوو جەمسەری تەواوکەری ھاوکێشەیەک مامەڵە بکەن نەک وەک جوداخواز و دژ بەیەک ھەنگاو بنێن، ساڵانی ڕابووردوو شاھیدن لەسەر سەرکەوتن و بەھێزی ھەردوولا ھەرکات پێکەوە کاریان کردبێت و بە پێچەوانەشەوە ھەرکات دژ و دڕدۆنگ و لێکدووربوونایە ئەوا وڵاتانی ناوچەکە ئەو ھەلەیان دەقۆستەوە و ھێندەی تر کێشە و ئاریشەکانیان گەورەتر دەکرد لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا، بۆیە تاکو ئێستاش چ عێراق و چ ھەرێمیش بەلاوازی ماونەتەوە و ناتوانن بەرەنگاری ئەو ھەموو پێشێلکاریە ناوچەییانە ببنەوە کە دەکرێتە سەر ماف و سەروەری عێراق بەھەرێمی کوردستانیشەوە. بۆیە گرنگە ھەرێم و عێراق وەکو دوو شەریکی تەبا و لێکنزیک کاربکەن نەک وەک دوژمن و نەیاری یەکتری، چونکە نەعێراق بەبێ ھەرێم لەڕووی جوگرافی و ئابوری و ئەمنیەوە دەبێتە وڵاتێکی بەھێز نەھەرێمیش بەبێ ئەو سەرپۆشە نێودەوڵەتیە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا دەتوانێت بێتە دەرەوە و بەتەنھا ڕووبەڕووی ئەو ھەموو مەترسی و ئاڵنگاریانە ببێتەوە کە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. ئەم سیاسەتی کارکردنەش لەھەردوولا دەخوازێت کە پلانی تۆکمە و پتەو و نیشتیمانیانەی عێراقیانە پیادە بکەن و سەرکردایەتیەکی ژیر و دووربین و حەکیم لەھەردوولا پەیوەندیەکان ڕێکبخەنەوە و کاری جدی لەسەر بکەن بۆ گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنیان، چونکە دەبێت ھەردوولا ئەو ڕاستییە بزانن کە ھیچ وڵاتێکی ناوچەیی و تەنانەت زلھێزەکانیش دۆستی ڕاستەقینەی ھیچ لایەکیان نین، بەڵکو تەنھا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان و جێ پێ قایمکردنی خۆیان و دەسکەوتنی سوودوقازانجی ئابوری و بازرگانی و ئەمنی خۆیان ھەوڵدەدەن،نموونەی زیندووش مامەڵەکردنی 20 ساڵی ڕابووردووە لەگەڵ ھەردوولادا. لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان دوو ئاڕاستەی کارکردن ھەیە لەگەڵ بەغدادا کە یەکەمیان کارکردنە لە چوارچێوەی دەستور لەگەڵ حکومەتی ناوەند و ئاسایکردنەوە و پتەوکردنی پەیوەندیەکانە لەسەر ھەموو ئاستەکان و مامەڵەکردنە وەکو دوو شەریک و ھاوبەشی ڕاستەقینە وتەبا بۆ بەھێزکردنەوەی دەوڵەتی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش.بەڵام ئاڕاستەی دووەم پێچەوانە بەمە کاردەکات بۆ ئاڵۆزکردنی پەیوەندیەکان و دروستکردنی ڕێگری و بەربەست لەو پێناوەدا، ئەویش بەھاندانی وڵاتانی دراوسێ کە زۆر بەڕوونی تا سەر ئێسک دوژمنی کورد و کوردستانن و ھەوڵ دەدەن کە ئەم ھەرێم و قەوارەیە لەناوبەرن و بێھێز و لاوازی بکەن. بۆیە گرنگە کە سەرکردایەتی کورد لەھەرێمدا ھەوڵی ئاشتەوای و سازدانی نیشتیمانی ڕاستەقینە بدەن و دامودەزگا حکومڕانیەکانی ھەرێم نوێبکەنەوە و بەھێزیبکەن لەڕێگەی ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی شەفاف و ڕوون و خاوێن بۆ ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان لە 20 /10دا و نێوماڵی کورد یەک و یەکگرتوو بکەنەوە بۆئەوەی پێکەوە ھەمووان بەھاوبەشی شانبدەنە بەر ھەموو ململانێکان و ڕووبەڕووبونەوەکان و پاراستنی قەوارەی ھەرێمەکەمان، ئەویش تەنھا بە کارکردنی پێکەوەی دەبێت لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی ناوەندیدا لەچوارچێوەی دەستوردا وەک دوو دۆست و ھاوکای یەکتری نەک وەک دوو دوژمن و نەیاری سەرسەختی دژ بەیەکتری.تا ئەوکاتەی لە ئایندەدا ھەلی گونجاوتر دێتە پێشەوە کە ھەرێم بتوانێت مافی چارەی خۆنوسینی خۆی دیاریبکات بە جیابونەوە و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بەشێوەیەکی ئاشتیانە دوور لە توندوتیژی و جەنگ و کاولکاری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت