زاهیر باهیر: ئایە شەڕی نێوانی حیزبوڵا و ئیسرائیل ڕوودەدات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سیاسەتدا هەموو شتێك دەکرێت و ڕەوایە جگە لە راستگۆیی و دڵسۆزی و متمانە بەیەککردن و یەكێتی و یەکڕیزیی. لە سەراپای شتەکانی دیکەدا وەکو نانەوەی جەنگ و گرانی و دەمکوتکردن و سەرکوتکردنی نەیاران و چەوساندنەوە و ڕوتاندنەوەی ئەو میللەتەی کە بانگەشەی نوێنەرایەتی و خۆشگوزەرانی بۆ دەکەن، گرنگی دان بە دەزگە سەرکوتکەرەکانی سیخوڕی و سەربازی و پۆلیسی و دروستکردنی ئەیجنت و لایەن وەکو بەکرێگیراویان و… تد، هەموو ئەمانە ڕەوایە و شیاوی کردنن و هەمیشەش دەکرێن. دوای بەیەکادانەکەی ڕۆژی یەکشەمەی ڕابوردوو، 25/ 08/ 2024 ، و هێڕشی حیزبوڵا بۆسەر ئیسرائیل و ڕەتدانەوەی ئیسرائیل، بارودۆخەکەی ئەوەندە مەترسسیدار کرد کە زۆربەمان چاوەڕوانی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە بووین کە خەریك بوو لە گریمانەوە ببێتە ڕووداوی ڕاستیی. لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا من رام وایە شەڕی نیوانی حیزبوڵا و ئیسرائیل گریمانێکی زۆر کەمی هەیە، چونکە هیچ لایەکیان نە ئامادەن بۆی و نە خوازیارین، چونکە دەزانن بە زیانیان دەگەڕیتەوە. هەرچی حیزبوڵایە دەیەوێت وەکو خۆی بمێنێتەوە و لاواز نەبێت، بەتەنگهاتنەوەی فەلەستین و حەماس لای ئەو، زیاتر گرنگ نییە لە مانەوەی خۆی. حیزبووڵا دەزانێت ئیسرائیل و دەوڵەتەکەی واقیعێکی سەپێنراوە نە بەوان و نە بە کەس ناگۆڕرێت، گەر ئەوان دژ بە نەمانی، یا هەتا لاوازبوونی ئیسرئیل بوونایە باشترین هەلیان بۆ هاتە پێشەوە کە لە 7ی ئۆکتۆبەردا دەیانتوانی هاوکاری حەماس بکەن و کاریگەرترین زەربە بە ئیسرائیل بگەیەنن کە لە کاتێکدا ئیسرائیل چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد کە ڕوویداو چەند کاتژمێرێکیشی ویست تاکو هێزەکانیان بگاتە ئەو ناوچەیە. لەمانەش زیاتر حیزبوڵا ئەو حەقیقەتەش دەزانێت کە زەحمەتە جەنگی لەگەڵ ئیسرائیل دا پێبکرێت. جەنگکردنی لەگەڵیا جەنگکردنە لەگەڵ ئەمەریکا و سەراپای دەوڵەتەکانی ئەوروپا. حیزبوڵا لە ئێستادا ئەوەندە بەهێزە کە مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لوبنانی گرتووە، بە شەڕەکەی دژ بە ئیسرائیل نەک هەر خۆی لاواز و پەرپووت دەبێت، بەڵکو بارودۆخی لوبنانیش ئەوەندە خراپ دەبێت کە ژیان بۆ دانیشتوانەکەی نامێنیتەوە، لەولاشەوە وڵاتانی عەرەبی ئامادە نابن کە بێ هەلومەرجی گران و قورس هاوکاری بیناکردنەوەی لوبنان بکەن. حیزبوڵا جەنگی مانەوەی دەکات هەم لەسەر ئاستی لوبنان و هەمو لەسەر ئاستی ناوچەکە. ئەو ناو بەناو هێڕشانەی بۆ سەر ئیسرائیل و هەڕەشەکانی تەنها بۆ سەرمایەی سیاسییە و لۆف و دەورانێکە هەم لە جەماوەرەکەی خۆی دەدا و هەم لە فەلەستینییەکان و لایەنە ئیسلامییەکانی دیکەش. حیزبوڵا مانەوەی زۆر پێباشترە لە شەڕێکی دۆڕاو و تیاچوونی. حەسەن نەسروڵا ئەمانە باش دەزانێت بۆیە هەتا بۆی بکرێت خۆی لەو شەڕە لادەدات. هەرچیش ئیسرائیلە، جەنگی لەگەڵ حیزبوڵا ئاسان نییە، ئەو لە ئێستادا لە سێ بەرەی جەنگدایە، لەگەڵ ئێران، لەگەڵ حەماس، لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆی کە ڕۆژانە لەسەر شەقامەکانن و داوای وەستانی شەڕەکە و هێنانەوەی دیلەکان و دەست لەکارکێشانەوەی سەرەك وەزیران و حکومەتەکەی دەکەن. لە لایەکی دیکەوە نێتەنیاهو دەزانێت کە ئەمەریکا و بریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا ئەوەیان ناوێت ، شەڕکردن لەگەل حیزبووڵادا ئاسان نیە. حکومەتی ئیسرائیل لە ئێستادا 80 هەزاری لە دانیشتوانەکەی کە دەکەونە ژێر لوولەی تۆپەکانی حیزبوڵاوە گواستۆتەوە و گەر شەڕەکە دەست پێبکات ئەوە ژمارەی ئەوانەی کە کارایی جەنگیان لەسەر دەبێت و دەبێت بگوێزرێنەوە هەر زۆر دەچێتە سەرەوە. لەمەش زیاتر گریمانی هاتنە ناوەوەی ئێرانیش هەیە و هەروەها خۆپیشاندانی گەورە لە دژی شەر بە تایبەت لە لایەن هاووڵاتیانی ئیسرئیل و وڵاتانی ئەوروپا و هەندێك لە وڵاتانی دیکەی دونیاوە، ئەمە جگە لەوەی کە لایەنەکانی دیکە کە سەر بە ئێران-ن ئەوانیش گورزی خۆیان لە ئیسرائیل دەوەشێنن. کەواتە بڕیاردانی جەنگەکە نە بۆ حیزبوڵا و نە بۆ ئێران ئاسان نییە، تا ڕادەیەك بڕیارێکی خۆکوژییە. بەڵام وەکو لە سەرەتاشدا وتم حیزب و دەوڵەت و سیاسییەکان هەموو خراپەکارییەکیان لێدەوەشێتەوە هیچ شتێك لایان نا ئاسیی و ئەستەم نییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت