بەهرۆز جەحفەر: هەستەکەم تۆم بینوە!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەگەڵ تەواوبوونی کتێبی دووەممان بە ئینگلیزیی سەرقاڵین، هەوڵەکە سەبارەتە بە وەرچەرخانی جیهانی، ئایندەی جەمسەرگیریی و ئاسۆکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ لەگەڵ دوو کۆمپانیای بڵاوکەرەوەی زانستی- جیهانی کاریگەر، یەکەمیان لە نیۆرک “بێرگان بووکس-Berghahn Books” و دووەمیان لە میریلاند “Rowman&Littlefield” لەسەر گفتوگۆین، چۆن گرێبەست بکەین، چۆن پیاچوونەوەکاران کاردەکەن، پەیوەندیی کامیان لەگەڵ کیشوەرەکانی دیکە بۆ بەردەستبوونی کاریگەرترە، پلاتفۆڕمەکانی فرۆشتنیان لەسەرجەم وڵاتان چۆن ئەمە دەکەن. بۆ ئەمە، جار- جار ڕێگەم دەکەوێتە شویێنێک/ مۆڵێکی هێمن لە سولەیمانی، جار- جاریش کاندیدێک دێت، یان خۆی یان هاورێکەی “هەستەکەن منیان بینیوە!”، بەدەم پرسیاری “هەستەکەم تۆم بینیوە” خۆی پیا دەکات و، ئیتر ئەویش دەستی پێدەکات. ئەوە جیهان خەریکی لێکۆڵینەوەکردنە کە (6) شەش ملیار ساڵی دیکە خۆر هەڵدەئاوسێت و تەنێکی سووری زەبەلاح لەسەر هەسارەکەمان دەردەکەوێت. یان ئەگەر لە گۆی زەویدا لە پڕ تەقینەوە ئەتۆمییەکان پێکەوە ڕووبدەن، یان نەیزەکێک بکەوێتە خوارەوە، تەمەنی زەوی چی لێ دێت. ئەوە ئەوان کاسەی سەر دەچێننەوە، زیرەکی دەستکرد هات. هەر نەبێت سەڵتەنەتی عومان ئەوەندەی چەمچەماڵە بانگەشەی ئەوە دەکات تا ساڵی 2030 بەشی 18 وڵات هایدرۆجینی سەوز بەرهەم دەهێنێت، سعودییە نیۆم درووست دەکات. ڕووسیا فرۆشتنی بەرگریی ئاسمانی زیاد دەکات. ئەم کاندیدە بەڕێزانەش پێیان دەڵێیت؛ چی دەکەن، هەر شەڕە- هینەکەی جارانت بۆ باس دەکەن و، ڕیتمە کۆنەکەیە و، کۆتایی بەو دەهێنین و، کۆتایی بەم دەهێنین و، ئەم شوێنە دەگەڕێنینەوەو، دەنگمان وا بەرز دەکەینەوەو…ئێ… بەس من هەستەکەم تۆم بینیوە (…نازانم…). کاندیدێک تا ئێستا منی نەناسی بێت بەکەڵکی چی دێ هههه.. ئەوە چەندین جارە، چەندین کاندید بە کات و شوێنی جیاجیا ڕووبەڕوو دەبینەوەو،، “هەستەکەم تۆم بینیوە” دووبارە دەبێتەوە! لە ڕاستییدا ئەو “هەستەکەم تۆم بینیوە” لە کەمی متمانەی کاندیدەکە بەخۆیەوە سەرچاوەی گرتوە؛ ئەمە نە لەبەرئەوەی من تەنێکی زۆر گەورەم (نەو)، لەبەرئەوەی بڕوای بەخۆی نییە بڵێ: – کاکە،، ئەمە بەم ڕێگایانە هەوڵ دەدەم گۆڕانکاریی لەسیستەمی پەروەردە بکەم. پێشووتر ئەو وڵاتەو ئەو هەرێمەی دیکەش بەم فلتەرەدا ڕۆشتوون. – بەم میکانیزمانە ئیش لەسەر بونیادنانی کەسێتی تاکی کوردیی دەکەینەوە، بڵێ لە یابان دوو شارە گەورەکە دوای دوەمین جەنگی جیهانی تەخت بوو؛ ژنێک گسکی هەڵگرتبوو: دەیوت چار نییە؛ دەبێت هەر لە نوقتەیەکەوە بۆ هەڵسانەوە دەست پێ بکەین. – هەلی کار بەم ڕێگایانە زیاد دەکەم، بۆ ئەوەی گەنجەکانمان بیر لە جێهێشتنی کوردستان نەکەنەوە، تەنانەت ئەگەر دەرفەتی گەورەشیان هەبوو لەدەرەوە، کوردستان بەجێ نەهێڵن، ئاسانە کاکە: بەناوی پەرلەمانەوە دەچم بۆ چین، دوو ئەندازیار دەهێنم، ماددە خاوەکانمان لەناوخۆی کوردستان هەیە، زەویشمان هەیە، کارگەی پێڵاو دەکەینەوە، ئیتر هی تورکی و ئێرانی لە پێ ناکەین، قەیتان لە ئاکرێ درووست دەکەین، لە مێرگەسوور دیزاینی دەکەین، لە کەلار پێلآوەکە بەرهەم دەهێنین. – نەوت چی یە بەڵای بۆ درووستکردوین، دەچین بۆ سعودییە ئەوە خەریکی هەمەڕەنگکردنی ئابورییەکەیانن، ئێمەش وزەی نوێبوەوە بەرهەم دەهێنین، لە پێشدا لە لادێکانەوە دەست پێدەکەین، چوونکە کە ئەوان کارەبایان هەبوو، ئیشکەرن، ئیتر بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زیاد دەکات، چیرۆکی گەشەی “چین” یش هەر لە لادێیەکەوە دەستی پێکرد؛ هەژدە جوتیار بەڵێننامەیەکیان ئیمزاکرد کە ئیتر واز لە مۆدێلە کۆنەکە بهێنن هەموویان یەک پارچە زەوی بکڵێن، هەریەکەو لەمەولا بکەوێتە کێبڕكێ و ئیشی خۆی بەجیا بکات. – پەیوەندیی دەرەکی و پاراستنی ئاسایشمان: کاکە تۆ دەنگم پێ بدە، من تێگەیشتنێکی زانستییم بۆ درووست بوە کە ڕەنگە جۆن مێرشایمەرو کینز واڵتز و جۆزیف نای و دواتر فەرید زەکەریاش ئەوەی نەوتبێ: ئەوەتا جیهان بەرەو وەرچەرخان دەڕوا، ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست متمانەی کەمبوەتەوە، بەئەگەری زۆر، ئیدارەی نوێی ئەمریکا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە ئەولەویەتی کاری خۆی و، هەوڵ دەدات دۆستی ستراتیجیی بدۆزێتەوە، ئەمە دەرفەتە بۆ کورد، ئێمە دەچین لەم ڕووەوە بەم میکانیزمانە کار دەکەین، بەس ئێوە دەنگم پێ بدەن! – نابێ ناوچە تەماسییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق فەرامۆش بکەین، ئەو شوێنانە قووڵایی سترارتیجی ئێمەن، بۆ نموونە کفری پەراوێزخراوە، ئێمە دەبێت کفری لە هێرش و پەلامارەکان بپارێزین، ئەوە کاتێک دەبێت نوێنەرێکیان هەبێت ئەم ئیشەو ئەو ئیشە ئاوا و ئاوها بکات. – وشکەساڵی؟ نەبوونی ئاو؟ ئەوە زۆر کێشە نییە، ئیسرائیل خاکەکەیان هەر لم بوو، داڤید بنگورون خەریک بوو پەشیمان دەبوو؛ شەڕ لەسەر خاکی باوباپیرانی بکا کە ئاوایە، ئێستا پێشکەوتوترین وڵاتی کشتوکاڵین؛ وەڵا لە “چین” شوێنێک هەیە؛ پێش پەنجا ساڵ بیابان بوەو، خەڵک لێی ترساوە، ئێستا هەمووی کراوەتە تاڤگەو، بەشێوەی دەستکرد شەلالاتی زۆر جوانی بۆ کراوە. کاکە ئێوە هیممەت بکەن، ئێمە لەپەرلەمان بین، چوونکە فوڵان کەس ناتوانێ دە ساڵە تاسەیەک چاک بکات، ئێستا هاتوە هەڕەشەو قسەو بەڵێنی زۆر زل دەڵێ.. – داوات لێدەکەم، بەڕێگەکانی خۆت پاڵپشت بیت، چوونکە ئێمە پێویستمانە برنج و هەنجیری ئاکرێ لە لای گەرمیانیەکان خۆشەویست بن، گەنم و جۆی گەرمیان و هەناری هەڵەبجەو هەنگوینی شار باژێڕ لەلای خەڵکی شیلادزێ و دینارتەو شێخان و دەشتی هەولێر ئازیزتر بن. – ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین، هەندێ پەیوەندیی زۆر ناشیرینی نێوان هەندێ لە پارێزەرەکانی دادگا و هەندێک بەڕێوەبەرەکانی پۆلیس و ئاسایش قەدەخەبکەین، کە لەسەر بنەمای پەیوەندیی (خراپ!) یان بەرتیلدان ڕێگە بۆ یەک خۆش دەکەن چیان بوێ، دەیکەن! دەبێت چاودێریی قەزائی بەهێزتر بکەین، ئەمەش بەوە دەکرێت من حەسانەم هەبێت لەپەرلەمانداو، دەست بۆ کارێکی وەها ببەم. – نابێت بچین قەرز لە کۆمپانیا جیهانییەکان و زلهێزەکان بکەین، خۆ کوردستان “کۆماری مۆز” نییە، چوونکە دواتر ئیشەکەمان لێ قووڵ دەکەنەوەو، داهاتوومان دەخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە… – میدیا؟! ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریی تێکداوە؛ ئەمە هەر کوردستان نییە [ئێستا ئەمریکا دەیەوێ تیکتۆک قەدەخە بکات، چوونکە داتای ئەمریکییەکان ڕەنگە بکەوێتە دەستی چین]، بۆیە پێویستە پەرلەمان بە هاوبەشی لەگەڵ نوخبە، ڕێکخراوەکان، ناوەندەکانی توێژینەوە چارەسەرییەکی گشتگیر و سەردەمییانە بۆ ئەمە بدۆزنەوەو کاری میدیایی ڕێک بخەینەوە. ئا ئەوانە قەزیەن، ئا ئەوانە ماکی هەستانەوەی کوردستانن، زیاتر لەوە چ نییە، دە تۆ ئاوها بئاخافە، منیش هاوکارت بم (هەرکەسێکیت و هەر لایەنێکیت). ئێ تۆ بەتەمای هەر کارەساتی ساڵی شەستەکان و نەوەتەکان بڕێسیتەوە، دە هەستە با….”هەستەکەم تۆم بینیوە!” ئێ تۆ هاتوویت جنێوی سلێمانی و گومانی هەولێر و پیلانی ئەم و ئەو تۆختر دەکەیتەوە! با.. ئەی چۆن فوڵان سەرکردە پاڵەوانەو،، خەباتی واو..وا.. تا ئێستا فوڵان سەرکردە پاڵەوانە لە کوردستان، چونکە لە شەڕی ناوخۆ زۆر خەڵکی کووشتوە! هەرگیز دەمەوەریی، هەڵەوەڕیی، نیشانەی ئازایەتی و خەمخۆریی نییە.

 
ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت