دزی شەریف و نیشتمانفرشی دز.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی/ نەوزاد بەندی شاعیر و نووسەری پاکستانیی میرزا ئەدیب، کە لە ساڵی 1999 دا کۆچی دوایی کردووە، لە ووتارێکیدا ئەڵێ: لە کارەکەم دەرکرابووم، بەڵام مانگانە بڕە پارەیەکم بۆ دایکم ئەنارد، بەڵام ئەو مانگە تەنها 9 ڕوپیەم پێ بوو، لە زەرفێکی نامەدا دامنابوو، ناونیشانی دایکمی لەسەر بوو، بە نیاز بووم لە ڕێی پۆستەوە بۆی بنێرم. کە لە پاسەکە دابەزیم، ئەبینم زەرفەکە لە گیرفانمدا نەماوە و دزراوە. هەرچەندە 9 ڕوپیە زۆر کەم بوو، بەڵام لەو کاتەدا کە بێ ئیش بووم، زۆر بوو، بە تایبەت بۆ دایکم کە زۆر کەمدەست بوو.

ئەوەی بە لامەوە سەیر بوو، پاش چەند ڕۆژێک نامەیەکم لە دایکمەوە بۆ هات، پێش ئەوەی نامەکە بکەمەوە توشی دڵەڕاوکێ بووم، دڵنیا بووم لەوەی دایکم گلەیی ئەوەم لێ دەکات کە بۆچی پارەی مانگانەم بۆ نەناردووە، کەچی کە نامەکەم کردەوە، نوسیبووی: زۆر سوپاس کوڕی ئازیزم بۆ ئەو 50 ڕوپیەی بۆت ناردووم!

سەرم سوڕما، ئاخۆ کێ بێ 50 ڕوپیەی بۆ دایکم ناردبێ؟ پاش چەند ڕۆژێک، نامەیەکی ترم بە دەست گەیشت، کە بە خەتێکی ناشیرین نووسرا بوو، بەو حاڵە جا ئەخوێنرایەوە تیایدا نووسرابوو : ( ناونیشانەکەتم لە زەرفی نامەکەتا دۆزییەوە .. کە گیرفانتم بڕی و نامەکەتم خوێندەوە، دایکم و دایکتم بیر کەوتەوە، هەر بۆیە 41 ڕوپیەم خستە سەر 9 ڕوپیەکەت و ناردم بۆ دایکت، چونکە ناکرێ دایکت بە برسێتیی بتلێتەوە. نەمویست گوناهی تۆ و دایکیشت هەڵبگرم !! )

بە ڕاستی لە سەردەمێکدا ئەژین هەندێک دز زۆر لەوانە شەریفترن کە دروشمی نیشتمانپەروەرییان بەرز کردۆتەوە و هیچ بەزەییەک و لێپرسراوێتییەکیان تێدا بەدی ناکرێت و .. هەست ناکەن بە برسێتی مرۆڤ و تەنها بۆ خۆیان ئەژین و ئەدزن و گیرفان پڕ دەکەن .

ـوێنەکە/ وێنەی نووسەری پاکستانیی میرزا ئەدیبە ـــ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت